ناڕازییەکانی نەوەی نوێ داوای دادگاییکردنێکی بێلایەنانە بۆ شاسوارو گیراوەکان دەکەن

ناڕازیەکانی نەوەی نوێ کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەغدا و هەرێم و هەڵسوڕاوی نەوەی نوێ دەگرێتەوە، لەسەر دەستگیرکردنی سەرۆکی نەوەی نوێ و چەند خۆبەخشێکی ئەو جووڵانەوەیە داوا دەکەن" داوای دادگاییەکی شەفاف و سەربەخۆ و بێلایەن دەکەین".

لە راگەیاندراوێکدا پەرلەمانتارانی بەغداو هەرێم و هەڵسوڕاوانی ناڕازیی نەوەی نوێ داوا دەکەن" لێکەوتەکانی دوای بەیانی ٢١ ی نیسان و دەستگیر کردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە و ژمارەیەك لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ، دۆسێیەکی بە تەواوی جیاوازە لە رەخنە سیاسییەکانی ئێمە و ئەو بابەتە جێگەی نیگەرانی قووڵی ئێمەیە و لێرەوە پێداگری دەکەین لە سەروەری یاسا و بێتاوانی دەستگیرکراوەکان تا دوا بڕیاری دادگا و دابینکردنی ھەموو مافێکی دەستگیرکراوەکان لە بینینی پارێزەر و کەسوکار و ھەموو دەستتێوەردانێکی سیاسی لەو دۆسێیە رەتدەکەتنەوە و داوای دادگاییەکی شەفاف و سەربەخۆ و بێلایەن دەکەین".

دەقی راگەیەندراوەکە: 
راگەیەندراوێك بۆ رایگشتی
بەڵێ بۆ دادگاییەکی شەفاف و بێلایەن و سەربەخۆ!
‎لێکەوتەکانی بەیانی ھاوبەشی ٢١ ی نیسانی ٢٠١٩ ی ئەنجومەنی باڵا و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەم چاوەڕوان نەکراو بون و ھەم جێگەی نیگەرانی قووڵی ئێمەیە. لە ئێستادا بە پێویستی دەزانین دیدی خۆمان سەبارەت بە ناکۆکیە سیاسیەکان و دواتر دەستگیرکردنی سەرۆك و ژمارەیەك خۆبەخشی نەوەی نوێ بۆ رایگشتی بخەینە روو:
یەکەم: بەیانی ٢١ ی نیسان، بۆ ئاگادارکردنەوەی رایگشتی بوو لەو راستییەی کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەلاڕێدا براوە و لەبری جوڵانەوەیەکی سیاسی سەرتاپا جیاواز، تووشی ھەمان پەتا و نەخۆشی حیزبە تەقلیدیەکان کراوە و بووەتە باندێکی تەنگەبەری خێزانی و لقێکی کۆمپانیا و ئامرازێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی دارایی. ئێمە شانازی دەکەین، وەك بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە، دژی حیزبی بنەماڵە و تێکەڵ کردنی حیزب و بازرگانیین و لەسەر ئەم بنەما سیاسیی و ئەخلاقییە بەردەوام دەبین.
 
دوەەم: لێکەوتەکانی دوای بەیانی ٢١ ی نیسان و دەستگیر کردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە و ژمارەیەك لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ، دۆسێیەکی بە تەواوی جیاوازە لە رەخنە سیاسییەکانی ئێمە و ئەو بابەتە جێگەی نیگەرانی قووڵی ئێمەیە و لێرەوە پێداگری دەکەین لە سەروەری یاسا و بێتاوانی دەستگیرکراوەکان تا دوا بڕیاری دادگا و دابینکردنی ھەموو مافێکی دەستگیرکراوەکان لە بینینی پارێزەر و کەسوکار و ھەموو دەستتێوەردانێکی سیاسی لەو دۆسێیە رەتدەکەتنەوە و داوای دادگاییەکی شەفاف و سەربەخۆ و بێلایەن دەکەین.
 
سێھەم: ئامانجی باڵا و سەرەکی ئێمە، وەك ئاراستەیەکی سیاسی جیاواز و وەفادار بەو دید و بنەمایانەی ھەمیشە بانگەوازمان بۆ کردون، سەرکردایەتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنە بۆ کێبرکێی سیاسیی لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات و کۆتاییھێنان بە ستەمکاری دەسەڵاتی کوردی و حوکمڕانی بنەماڵە.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان
٢٤ ی ئایاری ٢٠١٩



PM:10:51:24/05/2019