بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "گەلی کورد خۆی ناچەمێنێت و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەگژ داگیرکاریدا دەچێتەوە".

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

یەکێک لە یادە پڕشکۆیەکانی مانگی ئایار، ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازە، شۆڕشێک لە بەردەوامیی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو دژی ستەم و داگیركاری.

شۆڕشی گوڵان، قۆناخێکی گرینگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە و بە ڕوونی ئەو پەیامەی ڕاگەیاند کە بە پیلانگێڕی و ناپاکی و ئاگر و ئاسن ناتوانن دەنگی گەلی ئێمە کپ بکەن و ناچارمان بکەن دەست لە ئازادیخوازی و مافە ڕەواکانمان هەڵبگرین. ئەگەر لە قۆناغێكیشدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، ئەوە گەلی ئێمە خۆی ناچەمێنێت و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەگژ داگیرکاریدا دەچێتەوە و تا وەدیهاتنی مافەڕەواکانی لە شۆڕش و بەرخوداندا دەبێت.

لە چل و سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو دەنێرم بۆ هەموو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەو نیشتیمانپەروەرانەی ژێردەستەییان ڕەت کردەوە و ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و لە کەمترین ماوەدا شۆڕشیان هەڵگیرساندەوە.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و شەهید سەید عەبدوڵڵا یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان. سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازییان بۆ گەلەكەیان بەدی هێناوە.

لەو یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی، بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشێ بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی.


PM:05:36:25/05/2019