نیگار عوسمان: بەردەوام سووکایەتی و تەشھیر بە من و شوان جەزا دەکرێت

خانمە ئەکتەری کورد "نیگار عوسمان" نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو کەسانە دەربڕی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی ئەو وەڵامی خەڵک دەدەنەوە،ئاماژە بەوەشدەکات" زۆرێک لە خزم و ھاوڕێ ھونەرمەندنەکان خۆیان لێمان دوور خستووەتەوە".

نیگار کە لە درامای (سەمای تەرزە) رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت بە کارەکتەری (تەرزە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی سەرجەم ئەو کەسانەی دایەوە کە بەشێوەیەکی توند رەخنەی لێدەگرن.

ئەو خانمە ئەکتەرە بۆ  باسنیوز رایگەیاندووە "لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تووشی قسەی ناشرین و توانج و سووکایەتیی زۆر بوومەتەوە، ئەمەش گومان دەکرێت لەلایەن کەسانی بە کرێگیراو ئاڕاستە بکرێن، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی وەک ئەکتەرێک چیرۆکی ڕاستەقینەی ئافرەتی کوردم خستووەتە ڕوو".

دەشڵێت "دەنگی ھەموو ئەو ئافرەتانە بووم کە بە ناوی ھاوسەرگیریی کاتییەوە دەژین، کە خەڵکی ئەم وڵاتە زۆر لای نامۆیە، لە کاتێکدا بەڕاستی ئەم ڕووداوانە لێرە ھەن، بەڵام خەڵک پێی قبووڵ ناکرێت".

لەبارەی کاردانەوەی ڕۆڵبینینەکەی بەرامبەر خەڵکی، ئەو خانمە ئەکتەرە نیگار ئاماژە بەوەشدەکات"زۆربەی کەسە نزیکەکانم و ھاوڕێ ھونەرمەنکانم خۆیان دوور خستووەتەوە، ھەروەھا زۆر ھەژماری ساختە بە ناوی من دروست کراوە و وەڵامی ناڕەوای دوور لە کەسایەتیی من دەدەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بێدەنگ بووم و ئاگاداری ئەو ساختەکارییانە نەبووم".

نیگار ئەوەشدەخاتەڕوو، کەلەو ماوەیەدا زۆرترین ڕەخنە ئاڕاستەی خۆی و شوان جەزا و دەرھێنەری فیلمەکە دەکرێت و باس لەوەدەکات"بەداخەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام سووکایەتی و تەشھیر زۆر بە من و شوان جەزا دەکرێت".


PM:09:01:25/05/2019