دادگای سلێمانی ژمارەیەک سکاڵاکەر لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید روبەڕووی یەکتر دەکاتەوە

دادگای سلێمانی لەسەر دۆسێی ژمارەیەک پەیجی سۆشیال میدیا و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید و پێنج رۆژنامەنووس و نوسەری سکاڵاکەری روبەڕوی یەکدی کردەوە.

لە روونکردنەوەیەکدا کە  وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە تیایدا پێنج رۆژنامەنووس و نوسەری سکاڵاکەر کە پێکهاتوون لە(كەمال رەئوف سەرنووسەرى ماڵپەری شار، نیاز سەعید نووسەرو سیاسیی، تاریق فاتیح سەرنووسەری هاوڵاتی. محەمەد هەورامیرۆژنامەنووس، سیروان رەشید رۆژنامەنووس) ئاماژە بەوەدەکەن. ئەمڕۆ یەكشەممە (26ی 5ی 2019) دادگای سلێمانی دانیشتنێكی رووبەروبونەوەی دادگاییكردنی بە ئامادەبوونی پێنج رۆژنامەنووس و نووسەری سكاڵاكەر ، لەبەرامبەر ئامادەبوونی (10) ئەدمینی پەیجەكانی (فایلی نهێنی و داهاتویەكی نوێ‌ و رۆژگوڵ و پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو....)و شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نوێ‌ و (2) سکرتێری سەرۆکی جووڵانەوەکەو (2) پارێزەری ناوبراوان  رێكخست.

هەوەشهاتووە لەرووبەروبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا ؛ دانیان بەوەدا نا ، كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی کە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش  لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەکانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان کردۆتەوەو ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەکانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوکردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ؛ ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر کراون و بەرێوەبراون ، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە. 

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە بەشێک لەو (10) كەسەی ئێستا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکراون، كوڕی هەژارن و بوونەتە قووربانیی و لەرێگەی هەندێک گووشارو فشارەوە ؛ ئیستیغلالکراون و بەكارهێنراون بۆ بەرێوەبردنی ئەوماڵپەڕو پەیجانە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەو رۆژنامەنووس و نوسەرانە دەشڵێن، ئێمە لەیەكەم دانیشتنی رووبەرووبونەوە دادگاییەكەدا رایدەگەیەنین كە:
یەك: پرۆسەی رووبەرووبونەوە دادگاییەكە زۆر شەفاف و ئازاد بوو ،ئەدمینەكان ئەو راستییەیان دەخستە روو کە شاسوار عەبدولواحید چۆن ئەوانی بەکارھێناوە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەرێگەی دوو سکرتێرەکەی و لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)وە  ؛ بۆ ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی بووختان و تۆمەت و پەلاماردانی ئێمەو خەلکی تریش..

دوو: راستە ئێمە بەشێکین لەقووربانییەکان ، لەھەمانکاتدا داواکارین ئەم کەیسە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە یەکلا بکرێتەوەو ئێمە سوورین لەسەر سکاڵاکەمان و وەرگرتنی مافی خۆمان.

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی یانزە ڕۆژە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەستگیرکراوە و دەستگیرکردن و مانەوەی لە زیندان لەلایەن بەشێک لە یاساناسانەوە بە "پێشێلکاری یاسا" ناودەبرێت.







ئه‌م بابه‌ته ‌1232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:51:26/05/2019