مەسعود بارزانی سورە لەسەر دانانی فەرەیدون عەبدولقادر بە پاریزگاری کەرکوک

یەکێتی لە کۆبونەوەکانی لەگەڵ پارتی بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستی پاریزگاری کەرکوک چەند ناوێکی بۆ پارتی پێشنیار کردووە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەو حزبەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت، بەڵام مەسعود بارزانی پێ لەسەر فەرەیدون عەبدولقادر دادەگرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سپی راگەیاند" کۆبونەوەکانی یەکێتی بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن  لەگەڵ پارتی دا بەتایبەت پرسی دانانی پاریزگاری کەرکوک، بۆ ئەو مەبەستەش مەکتەبی سیاسی یەکێتی چەند ناوێکی بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی و بارزانی پێشنیار کردووە، بەلام لەلایەن مەسعود بارزانییەوە سەرجەمیان رەتکراونەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "بارزانی سورە لەسەر ئەوەی فەرەیدون عەبدول قادر ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسیی یەکیتی ببێتە پارێزگاری کەرکوک و تا ئیستاش جگە لەو هیچ ناوێکی تری بەلاوە پەسەند نییە".

فەرەیدون عەبدولقادر، نزیکەی پێش سێ مانگ لەمەوبەر لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە بەبێ بڕیاری مەکتەبی سیاسی پێشنیاری کردووە بۆ مەسعود بارزانی و ئەویش بەلایەوە پەسەندبووە، بەلآم دواتر مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەتایبەتی کەرکوکیەکان لەگەڵ لەگەڵ فەریدون عەبدولقادر وەک کاندیدی یەکێتی بۆ پارێزگاری کەرکوک رازینین.

سپی زانیویەتی کە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو پرسەو پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە رێکەوتنی نێوان خۆیان و پارتی تاتوتوێ بکات و بڕیاریش بدات لەسەر چونە ژورەوەی فراکسیۆنی یەکیتی لەپەرلەمانی کوردستان کە دەنگ بدەن بە سەرۆکی نوێی هەریم یان نا، کەبریار وایە لە کاتژمێر ١١ پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم.

فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووەو ئیستاش زیاتر بە کاری وەبەرهێنانەوە سەرقالە، دۆستێکی نزیکی پارتی بەتایبەت بارزانییەو لە ریفراندۆمدا پشتگیری لێ کردووە، هەروەها لە دوای روخاندنی رژێمەکەی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ماوەیەک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە وەک سەرپەرشتیاری کەرکوک دانراوە.



AM:10:19:28/05/2019