پارتی: بە فەرمی وەڵامی هەڕەشەکانی یەکێتی دەدەینەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند،  بەشدارینەکردنى یەکێتى لە کۆبوونەوەى پەرلەمان کاریگەریی لەسەر سەرجەم ڕێککەوتنەکان دەبێت ، وتیشی، بە فەرمی وەڵامی هەڕەشەکانی یەکێتی دەدەینەوە.

ئەمرۆ سێشەممە  28ی ئایاری 2019 ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نەماندەخواست بەم جۆرە بوایە دۆخەکە و چاوەڕێی هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی خۆمان دەکەین و بەڕەسمیش وەڵامی هەڕەشەکان دەدەینەوە.

وتیشی، پێشتر بە یەکێتیمان وتووە کە ئەم بابەتەی ئەمڕۆ رەنگدانەوەی لەسەر سەرجەم رێککەوتنەکانی دیکەمان دەبێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "پێنج خولەک پێش کۆبونەوەی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی قسەمان کردوە و پێیانوتین کە بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن".

باسی لەوەشکرد، نیگەرانن لەو کارەى یەکێتى و گەر بیانویستایە پێش شەش مانگ لەمەوبەر هەڵبژاردنیان بۆ سەرۆکى هەرێم دەکرد.

ڕاشیگەیاند، نێچیرڤان بارزانى بە ٦٨ دەنگى فراکسیۆنە جیاوازەکان بە سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرا و سوپاسی ئەو لایەنانەش دەکەن کە پابەندی رێککەوتنی نێوانيان بوون، لەمڕۆشەوە هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەی نوێی حکومەتى هەرێم دەستپێدەکات.

کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان بە بێ بەشداریکردنى فراکسیۆنى نەوەى نوێ و فراکسیۆنى یەکێتى بەڕێوەچوو و. تەنها ٨١ پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، لە کۆبونەوەەدا بە دەنگی ٦٨ لە فراکسیۆنەکانی پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکان، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.


PM:12:33:28/05/2019