سەرۆکی نوێی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە

 

به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە و سەرۆکایەتی هەرێم سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکاری و پەڕگیرییەک.

نێچیرڤان بارزانی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی ئایار، ه‌ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وە، بەو بۆنەیەشەو پەیامێکی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند" سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیادەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە.


ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

پەیامێک لە (نێچیرڤان بارزانی)ەوە.

وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی کوردستانی بەڕێز کە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی گەلی کوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا.

کوردستانیانی خۆشەویست..

ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامن کردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگا، ئامانجی سەرەکیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بەردەوامیدان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەکانی دەخوازێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان


 



PM:08:22:28/05/2019