چوار کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران کوژران

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان  رایگەیاند، بەهۆی تەقەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون.

رێکخراوەکە ئەمرۆ چوارشەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠١٩ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە "لە ناوچەی سێ چۆمان لە سنوری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد کردووە و بەهۆیەوە چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکەش برینداربوون".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ناسنامەی تەنیا یەکێک لە کۆڵبەرەکان کە گیانی لەدەستداوە دیارە و ناوی "خالید سەلیمیە" و تەمەنی ٥٠ ساڵە، ناسنامەی ئەوانی دیکەش تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە".

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەشلیت، "دوان لەو کۆڵبەرانە، دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکراوە، کەوتوونەتە ناو ڕوبارێکەوە و بەوهۆیەوە خنکاون".

هەفتەی رابردو رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو رایگەیاند"له‌ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا زیاتر له‌ ١٠٠ كه‌س له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌ نێوان شاره‌كانی سه‌قز و بۆكان جێگیر بوون".

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تائێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٣٩ کۆلبەر گیانیان لەدەستداوە و ٨٠ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.


PM:01:06:29/05/2019