ئارێز عەبدوڵا: ئەگەر پارتی نەیەتە پێش یەکێتی دەستەوسان ناوەستێت

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت " ئەگەر هەر نەهاتە پێش یەكێتی دەستەوەستان ناوەستێت". 
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رادیۆ " نەوای" راگەیاند، بەهۆی پابەند نەبوونی پارتی بەو رێككەوتنەی لەنێوانمان هەبوو گرفتێك لەسەر دەنگدان بۆ دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم دروستبوو، هیوادارین ئەو گرفتە نەبێتە هۆكاری دروستبوونی قەیرانێكی دیكەو چارەسەر بكرێت.
ئ
ەوەشی پرسی بۆچی پارتی ئامادەیە پۆست لە نەینەواو شنگال و ناوچەكانی دیكە وەربگرێت و هەموو هەوڵێكیش لەوبارەیەوە دەدەن و كادیرو لایەنگرانیشی بەردەوام لە ئەركدان لەوناوچانە، بەڵام كاتێك دێتە سەر كەركوك و دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد رێگری دەكەن، ئێمە خوێندنەوەمان بۆ ئەوەكردووە پارتی هاوپەیمانمانەو حزبێكە بوونی هەیە، بۆ ئەوەش نەك كاندیدێك سێ كاندیدمان پێشكەشكردووە بۆ پارێزگاری كەركوك بەڵام سەیرە ئەوان رێگری دەكەن.

ئارێز عەبدوڵا ئەوەشی وت: "سەبارەت بە دیاریكردنی وەزیری داد لەكابینەی عادل عەبدولمەهدی ئەوان بە چ حەقێك دەڵێن ئەو بێت یان ئەو نەبێت، ئەوان حەقی خۆیان وەرگرتووە ئیتر بۆ فشار دەخەنە سەرحكومەت بۆ ئەوەی رێگری لەدانانی ئەو وەزیرەی یەكێتی بكرێت كە دیاریدەكات، ئەوكارانە نەك زیانی بۆ پارتی یەكێتی دەبێت بەڵكو زیانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و یەكدەنگی كورد دەبێت، بۆیە هیوادارین پارتی بەخۆیدا بێتەوە".

بۆ دەنگ نەدانی فراكسیۆنی یەكێتی بە سەرۆكی هەرێم لەدانیشتنی رۆژی 28ی ئاداری پەرلەمانی كوردستان ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی وتی: "پارتی دەبێت بزانێت كە یەكێتی هێزێكە لە پەراوێزدا كارناكات بەڵكو پێویستی بە رێككەوتن هەیە لەگەڵ هەر هێزێكی دیكە كاربكات و بەپێی ئەو رێككەوتنەكەش ئەركەكانی جێبەجێ دەكات".

سەبارەت بەهەڵوێستی داهاتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەگەری نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك و دیاریكردنی وەزیری داد لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، ئێمە تەئكید دەكەینەوە لەبەر ئەوەی پارتی لە نەینەوا یەكەمە ئێمە هاوكاریان دەبین، ئێمە لەكەركوك زۆرینەین ئەبێت پارتی هاوكارمان بێت ئەوەش لە قازانجی خەڵكی كوردستاندایە، ئومێد دەكەین و هەوڵیش دەدەین لەگەڵ پارتی و لایەنەكان دیكە بەزوترین كات پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دیاری بكرێت، ئەگەر پارتی هەر نەهاتە پێش بێگومان یەكێتی دەستەوەستان ناوەستێت".



PM:09:56:29/05/2019