د. نەجمەدین کەریم دوو پەرلەمانتاری گۆڕان دەداتە دادگا

نووسینگەی رۆژنامەوانی د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک وەڵامی دوو پەرلەمانتارانی گۆڕان دەداتەوەو داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات.

لە روونکردنەوەیەکدا نووسینگەی رۆژنامەوانی د. نەجمەدین کەریم وەڵامی هەریەک لە کاوە محەمەد و عەلی حەمەساڵح لەسەر پارەی پەترۆدۆلار دۆلار دەداتەوەو دەڵێت " بۆڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە ڕیکاری یاسایی  بەرامبەر پەرلەمانتاری عێراق لە سەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بەرێز ( کاوە محمد مولود ) دەگرینەبەر وە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین  بۆ ئەوەی چیتر نەتوانێت ھەواڵی ناڕاست و زانیاری نادروست بڵاو بکاتەوە".

دەقی روونکردنەوەکە

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
چەند ڕۆژێکە لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێکی بزوتنەوەی گۆڕان کە ھەریەک لە بەڕێزان ( علی حمە ساڵح ئەندام پەرلەمانی کوردستان وە کاوە محمد مولود ئەندام پەرلەمانی عێراق) ھێرشێکی ناڕەوا و دوور لە راستیان دەست پێکردووە دژ بە بەڕێز ( دکتۆر نەجمەدین کەریم ) کە گوایە بڕی (٥٠) ملیۆن دۆلار بەشە پارەی پترۆ دۆلاری کەرکوک خراوەتە سەر ئەژماری تایبەتی دکتۆر نەجمەدین کەریم وە بۆ ئەم ھەواڵە درۆینە جەند دەزگایەکی راگەیاندن بێ ئەوەی لە ڕاستی بابەتەکە بکۆڵنەوە بە شێوەیەکی راستی بۆ ھاولاتیانی کوردستان و شاری کەرکوکی بخەنەڕوو بەداخەوە ئەو دەزگایانەش کەوتنە ھەلەی خۆیانەوە،
دیارە ئەم بابەتانەش زیاتر بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و شەقامی کوردیە بەرامبەر بە بەرێز دکتۆر نەجمەدین کەریم ، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم راستیانە بخەینە ڕوو:
لەگەڵ دروست بوونی گروپی تیرۆرستی داعش لەمانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤ وە لەلایەن حوکمەتی عێراق ھەموو ئەو پارانەی کە بۆ کەرکوک تەرخان کرابوو ڕاگیرا وە شاری کەرکوک تووشی قەیرانی دارایی بوو ، بەلام دوابەدوای ھەوڵێکی زۆر و جوھدێکی زۆری بەرێز پارێزگاری کەرکوک ( دکتۆر نەجمەدین کەریم ) لەگەڵ حوکمەتی ھەرێمی کوردستان وە سوپاسی بەرێز حوکمەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەتایبەت سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک ( نێچیرڤان بارزانی )کە بەتێگەیشتن و دڵسۆزیەکی تەواوەوە دەیڕوانیە شاری کەرکوک گەیشتینە ڕێکەوتنێک کە مانگانە بری ١٠ ملیۆن دۆلار وەک پشکی کەرکوک لە پترۆدۆلار بدرێت بە ئیدارەی کەرکوک ئەم ڕێکەوتنە لەلایەن بەرێزان ( حوکمەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک ) لە بەرواری ١/١/٢٠١٦ کرایە بواری جێ بەجێکردنەوە 
کە ئیدارەی کەرکوک توانی دەیان پرۆژەی گەورەو ستراتیجی لەشاری کەرکوک پێ جێ بەجێبکات وەک پردی شەھید شێرکۆ لە ناوچەی شوان و پردی شەھید علی عەسکەری لە ناو شار و بەرزە پردی شوھدا لە خوارووی کەرکوک وە دروست کردنی دەیان پەیمانگای تەندروستی و قوتابخانەی نموونەیی و سەردەمیانە وە دروستکردنی دەیان باخچە لەناو شار وە لە زۆر بواری تردا سوودمان لەم بڕە پارەیە بینی،
لێرەدا بەنوسراو و بەڵگەی فەرمی چەند ڕاستیەک دەخەینەڕوو
١-بەھیچ جۆرێک ھیچ ئەژمارێکی تایبەتی بەناوی بەرێز دکتۆر نەجمەدین کەریم نەبووە لە بانکی کوردستانی نیودەوڵەتی لەھەولێر بەڵکو بەڕەزامەندی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وە بە نوسراوی فەرمی پارێزگای کەرکوک ژمارە ( ٨٠١ لە ١/٢/٢٠١٦ وە نوسراوی ژمارە ١٦٦٧ لە ١/٣/٢٠١٦ ) کە ئاراستەی نوسینگەی بەڕێز وەزیری دارایی حوکمەتی عێراق کراوە وە ئاگادارکراونەتەوە لە وەرگرتنی ئەو برڕە پارەیە کە لەلایەن حوکمەتی ھەرێمی کوردستان وەک پشکی کەرکوک لەپارەی پترۆ دۆلار دەدرێت بەئیدارەی کەرکوک کە دەخرێتە سەر ئەژماری تایبەت بەپارێزگای کەرکوک نەک پارێزگار.
٢-ھەموو رێکارێکی یاسایی و ئیداری کراوە بۆ کردنەوەی ئەژماری تایبەت بە پارەی پترۆ دۆلار لەبانکی کوردستان وە دواتر گواستنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بانکی رەشید لقی یەکی حوزەیران لەکەرکوک کە بانکێکی حوکومیە سەر بە وەزارەتی دارایی حوکمەتی عێراقە.
٣-ھەموو ڕێکارێکی یاسایی و ئیداری کراوە بۆ چۆنیەتی سەرفکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و ستراتیجیەکان کە مانگانە لە حوکمەتی ھەرێمی کوردستان وەردەگیرا.
٤-بەنوسراوی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق فەرمانگەی ژمێریاری بە نوسراوی ژمارە ( ٤٨٦٠ لە ١٥/٨/٢٠١٨ ) کە بڕی ( ٥١١٧٤٩٢٠ ) پەنجاو یەک ملیۆن و سەت و حەفتاو چوار ھەزار و نۆسەت و بیست دۆلار مابوو لە سەر ئەژماری پارێزگای کەرکوک گواسترایەوە بۆ بانکی ناوەندی عێراق دواتر دەگەرێتەوە بۆ پارێزگای کەرکوک .
لێرەدا رایدەگەیەنین کە بەرێز ئەندام پەرلەمانی عێراق ( کاوە محمد مولود ) لە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان یاخود زۆر بێ ئاگایە یان لەکاری پەرلەمانتاری خۆی نازانێت یان ئاگادار نیە کە یەکێکی تر لە ھاوڕێکانی لەپەرلەمانی کوردستان بەرێز ( عەلی حمەسالح ) پێشتر ھەمان ھەواڵ و زانیاری نادروستی بڵاو کردەوە دەربارەی ئەو بابەتە بۆیە رێکاری یاساییمان بەرامبەر گرتەبەر لەدادگای ھەولێر وە بەبڕیاری بەڕێز دادوەری دادگای تێھەڵچونەوەی ھەولێر بە بڕی ( ٢٠ ) ملێۆن دیناری عێراقی سزادرا وە دۆسیەکە لەبەرژەوەندی بەرێز دکتۆر نەجمەدین کەریم یەکلابووەوە وە ناوبراو ئاگادار کرایەوە کە چیتر ھەواڵی ناراست و نابەجێ بڵاو نەکاتەوە ،
لێرەدا بۆڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە ڕیکاری یاسایی  بەرامبەر پەرلەمانتاری عێراق لە سەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بەرێز ( کاوە محمد مولود ) دەگرینەبەر وە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین  بۆ ئەوەی چیتر نەتوانێت ھەواڵی ناڕاست و زانیاری نادروست بڵاو بکاتەوە.

وێنەیەک لە نوسراوەکان 


نوسینگەی راگەیاندنی 
دکتۆر نەجمەدین کەریم 
٢٩/٥/٢٠١٩



AM:12:16:30/05/2019