زانایەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی دیاریکرد


زانایەکی گەردوونی کوێتی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی دیارکرد کە ڕۆژی سێ شەممە بەرواری ٤ی حوزەیران دەکات.

عادل سەعدون زانای گەردوونی کوێتی و ئەندامی کۆمەڵەی فەلەکی بەریتانی بۆ ڕۆژنامەی "ئەنبا‌و"ی کوێتی ڕایگەیاندووە" دەرکەوتنی مانگی نوێ لە کاتژمێر یەک و دوو خولەکی دوای نیوەڕۆی دووشەممە ٣ی حوزەیران دەبێت".

ئەو زانایە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە مانگ بە تەنها خولەکێک دوای خۆرئاوابوون دیار نامێنێت و ئاوادەبێت و لە هەندێک وڵاتی عەرەبیش دوای ٥ خولەک ئاوا دەبێت، بەوەش ئەو ماوە کەمە بەس نییە بۆ بینینی مانگ.

عادل سەعدون دەشڵێت، "بەوپێیە بێت لەکاتی خۆرئاوابوون لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامی مانگ نابینرێت و تەنها لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە دەبینرێت، ئەوەش لە وڵاتانی ئەمریکای باشور و بە ئامێری دووربین و تەلەسکۆب."

ئەو دەڵێت "ڕۆژی سێشەممە ٤ی حوزەیران بە کاتژمێرێک بەر لە کاتی خۆرئاوابوون لە وڵاتانی ئیسلامی مانگی نوێ تەمەنی ٢٩ کاتژمێرە زۆر بە ئاسانی بە چاو دەبینرێت".

ئەو زانایە شیکردنەوەی خۆی هەیەو لەسەر دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن و دەڵێت "بۆیە ئەو وڵاتانەی پشت بە فەلەک دەبەستن ڕۆژی سێشەممە دەکەنە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و وڵاتانی دیکەش کە پشت بە چاو دەبەستن بۆ بینینی مانگ ئەوا چوارشەممە ٥ی حوزەیران دەکەنە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان".



PM:04:16:30/05/2019