موقتەدا کەرکوک وەک پارێزگایەکی کارەساتبار ناوزەد کرد


سەرۆکی رەوتی سەدر، دوای تەقینەوەکانی کەرکوک و دۆخەی ئەو شارە تیایدا دەژی، لە لێدوانێکدا ئەو شارە بە " کارەساتبار" ناوزەد دەکات.
لە لێدوانێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر لەسەر دۆخی کەرکوک، دەڵێت" ئەگەر حکومەت ناتوانێت چارەسەری دۆخەکە بکات، با رێگامان بدەن تا دەستوەردان بکەین".

سەرۆکی رەوتی سەدر داوایکرد "کەرکوک ڕزگار بکرێت".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا موقتەدا باسی دۆخی شارەکان دەکات و دەڵێت "پارێزگاکانی باشور لەژێر هەژاری و گەندەڵیدا دەناڵێنن، پارێزگاکانی ناوەڕاستیش ململانێ و گەندەڵی بڕستی لێ بڕیوون، بەڵام پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک و سەلاحەدین و ئەنبار و موسڵ، بونەتە قوربانی تایەفەگەری و گەندەڵی".

داواشی لە هەموو لایەک کرد "گوێبگرن و هۆشیاربن و لە هەڵوێست و دۆخەکە تێبگەن، بەر لەوەی کار لە کار بترازێت".
دەربارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش سەبارەت بەو دۆخەی لە شاری کەرکوک ڕوودەدات، سەرۆکی ڕەوتی سەدر وتی "حکومەت یان تۆ دەستوەردان بکە، یان با ئێمە دەستوەردان بکەین، بەڵکو سودمان هەبێت و زیانمان نەبێت".

جەختیشیکردەوە، گەل دووچاری قەیرانێکی لە ڕادەبەدەری برسێتی و گەندەڵی بووەتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا موقتەدا سەدر داوایکرد سنورێک بۆ گەندەڵکاران دابنرێت و کەسانی حزبی لە پۆستەکانیان لاببرێن و ئەو کەسانەش دوور بخرێنەوە کە کاری ئەو پارێزگایانەیان بە دەستەوەیە، بۆ ئەوەی وەک پارێزگای کارەستبار ناوببرێن و بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆی سوپا و پۆلیس، لەلایەن هەر سێ سەرۆکایەتییەکەوە بەڕێوەببرێن، بەر لەوەی کار لە کار بترازێت.

ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە کە کەرکوک بەدەست تەقینەوەو ململانێێ نەتەوەییەوە بەدۆخێکی نەخوازراودا تێپەڕ دەبێت.



AM:09:41:31/05/2019