نەوەی نوێ: کەرکوک قوربانی ململانێی یەکێتی و پارتیە

جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەبارەی تەقینەوەکانى شەوى ڕابردووى کەرکوک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کەرکوک قوربانی ململانێی پۆست و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی و پارتییە.

لە بەیاننامەکەدا جوڵانەوەى نەوەى نوێ ئاماژەى بەوەکردووە، "یەکێتیی و پارتیی لەشەڕی بەرژەوەندیی و پۆستی خۆیاندا، کەرکوک و بەشێکی ئەو ناوچانەیان خستۆتە دۆخی بۆشاییەکی ئەمنیی و ئیداریەوە".

جەختی لەوەکردۆتەوە "لەدوای ریفراندۆمە شومەکەی ساڵی ٢٠١٧و پاشان رادەستکردنەوەی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکانی تر لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە بەھێزەکانی حکومەتی ئیتیحادیی، ناو بەناو دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە گرژیی بەخۆوە دەبینێت و بەداخەوە زەرەرمەندی یەکەمیش تیایدا تەنھا ھاوڵاتیانی مەدەنیی و کەرکوکییەکانن".

دەشڵێت، "یەکێتى و پارتى ئەو ناوچانەیان تەنھا بۆ سامان و پۆستەکانیان دەوێت نەک ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەکەیان لا گرنگ بێت، کەرکوک قوربانی ململانێی پۆست و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی و پارتیی یە ".

هەر لەبەیاننامەکەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوایکردووە، لێکۆلینەوەی ورد لەو دۆخە ئەمنیە بکرێت کە ماوەیەکە کەرکوک و بەشێکی ناوچە جێناکۆکەکانی گرتووەتەوە، پێویستە لەکەمترین ماوەدا چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و گەر نا کارەساتی گەورەتر بۆشارەکە و خەڵکەکەی بەڕێگاوەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوى ڕابردوو شەش تەقینەوە لە سەر ڕێگەى بەغداد لە کەرکوک ڕوویانداوە و بەپێی ئامارە فەرمیەکانی تەندروستی عێراق دوو هاوڵاتی شەهید بوون و  38 هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.


AM:11:49:31/05/2019