بۆ هەندێک پڕۆژە حکومەتی بەغدا بڕە پارەیەک بۆ هەرێم دەنێرێت

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " بۆ ئەنجامدانی هەندێک پرۆژە حكومەتی عێراق بڕی 13 ملیار دینار بۆ ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت".

لە لێدوانێکیدا بۆ "سپی"، ئەحمەدی حاجی رەشید، ئه‌ندامى لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند"حکومەتی بەغدا بڕی 13 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی هەندێك پڕۆژە لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان زیادكردووەو ئەو پارەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ هەرێم دەنێرێت" .

ئەو پەرلەمانتارە کە سەر بەکۆمەڵی ئیسلامییە "پلانەکە بەو شێوەیەیە کە حكومەتی عێراق چەند پڕۆژە لە كوردستان جێبەجێ بکات، ئێستاش وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق سەرقاڵی رێکاری پرۆژەکانن و چۆنێتی جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی".

لەو کاتەوە د.عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و داراییەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە باشی کردووەو بۆتە مایەی بوژانەوەی ئابوری هەرێم.



PM:11:13:31/05/2019