ئەرسەلان باییز: کام لە کاندیدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە فەرەیدوون عەبدولقادر شایستەتر و ماندووترە

ئەرسەلان باییز، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ دانانی فەرەیدوون عەبدولقادر بە پارێزگاری کەرکووک دەربڕی و دەپرسێت "ئاخۆ کام لە کاندیدەکانی تری پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ ئەم قۆناغە و چارەسەرکردنی کێشەکان، لە فەرەیدوون عەبدولقادر شایستەتر و ماندووتر و بە تواناترن؟".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ ئرسەلان باییز لە وتارێکیدا کە بەناونیشانی (کۆڵەپشت - فەرەیدوون کەرکووکی نییە..!) بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوە کردووە، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بە ڕێکەوتیش چاوی بە فەرەیدوون عەبدولقادر نەکەوتووە و کاندیدی ئەویش نەبووە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک و دەڵێت "لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، لە چەندین دانیشتنی نافەرمیدا باسی ئەو ھەڤاڵە کراوە بۆ چەندین پۆست. بگرە ھەندێ جاریش بانگ کراوە بۆ ڕاوێژ و ڕاسپاردە و تەنانەت نووسینی ڕاگەیاندن و بەیاننامەکانیش. لەو چەندین مانگەی ڕابردووشدا باس و خواس و مقۆ مقۆیەکی زۆر لەسەر کاندیدی پارێزگاری کەرکووک لە ئارادا بووە. جارجارەش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبووم کە یەکێک لەو کاندیدانە کاک (فەرەیدون)ە. ئاگاداری ئەوەش نیم ئایا ئەو ھەڤاڵە لە ناوھێنانی خۆی ئاگادارە، ڕازی بووە یان نا؟ بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو، ڕەتکردنەوەی بوو لەلایەن حیزبەکەم (یەکێتی)ەوە".

ئەرسەلان بایز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە فەرەیدوون عەبدولقادر لە دایک و باوکێکی خەڵکی پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لە دایکبووی گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری کەرکووکە. دەرچووی یەکێک لە کۆلێژەکانی زانکۆی (مستەنسڕییە)ی شاری بەغدایە. یەکێک لە دامەزرێنەرانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)ە و ساڵەھا ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە و مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک) و لێپرسراوی ھەر ھەموو ئەندامانی ئێستای سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک) بووە. چەندین ساڵ ماڵی لە کەرکووک بووە، لە حەفتاکاندا فەرمانبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای کەرکووک بوو، لێپرسراوی کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆمەڵەی ئەو شارە بوو. دەیان و بگرە سەدان کەسایەتی و بنەماڵەی پێکھاتەکان دەناسێت. ئەندامی دەیان شاندی گفتوگۆی (ی.ن.ک) بووە لەگەڵ حزب و حکوومەتەکان. زیندانییەکی خۆڕاگر و فەرماندەیەکی ئازا لە مەیدانەکانی شەڕ. ئەی نازانم بۆچی شایستەی پارێزگاری کەرکووک و پۆستی زیاتریش نەبێت؟!".

 هەروەها پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ کام لە کاندیدەکانی تری پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ ئەم قۆناغە و چارەسەرکردنی کێشەکان، لە فەرەیدوون عەبدولقادر شایستەتر و ماندووتر و بە تواناترن؟

ئەرسەلان بایز دەڵێت "ھەڤاڵێکی خەڵکی خانەقین بۆی ھەیە دووجار و بۆ چەندین ساڵ لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی (ی.ن.ک) بێت لە سلێمانی. بۆچی ھەڤاڵێکی خەڵکی شارەزوور، پێنجوێن، سلێمانی، یان ھەولێری بۆی ھەبێ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی دھۆک و مووسڵ بێت. ھەڤاڵێکی کۆیی بۆی ھەبێت دووجار لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووک بێت. چەندین ھەڤاڵی خەڵکی کەرکووک بۆیان ھەبێت چەندین ساڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی ھەلێر و سۆران و ڕانیە بن، کەچی ھەڤاڵانم لە کەرکووک ڕازی نەبن سلێمانییەک ببێتە پارێزگاری کەرکووک؟ ئەگەر بیانووەکە ئەوە بێت کە پێناسەی کەرکووکی نییە. ئەوا ھەق بوو چارەسەرەکەی بۆ (ی.ن.ک) و پارتی جێ بھێڵین. یان ئەگەر ھۆکارەکەی دابڕان بووبێت لە (ی.ن.ک)، ئەوا دەیان سەرکردە و فەرماندە و کادیرانی (ی.ن.ک) مانگ و ساڵەھا دابڕان و دواتر لە کاتی پێویستدا ھاتوونەتەوە مەیدانەکە".

ئەرسەلان بایز دەڵێت: ئەو ڕەتکردنەوەیە واتە درێژکردنەوەی حوکمڕانێتیی عەرەبێکی شۆڤێنیی وەکو راکان جبووری بە پارێزگاری کەرکووک. بە واتایەکی تر، بەردەوام بوون لە خوێن ڕۆشتن لە جەستەی کەرکووک، (ھەروەکو ڕۆژی ٣٠/٥/٢٠١٩) ڕووی دا. یان سووتاندنی ڕۆژانەی دەغڵودانی جووتیارەکان).

 



PM:03:44:02/06/2019