پەرلەمانتارێکی گۆڕان: د.نەجمەدین کەریم نە ئەوسا یەکێتی بووەو نە ئێستاش پارتی یە

پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، کاوە محەمەد لەسەر د. نەجمەدین کەریم روونکردنەوەیەک بلآودەکاتەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناوبراو نە لە پێشدا یەکێتی بووەو نە لە ئێستاشدا پارتی یە.
لەو روونکردنەوەیەدا کاوە محەمەد کە کۆپیەکی بۆ سپی ناردووە دەڵێت" 
لەراستیدا پێویست بەوە ناکات ئێمە رایگشتی و شەقامی کوردی بەلاڕیدا ببەین بەرامبەر ئەو بەڕێزە، چونکە ئەو کار و گەندەڵییەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە، تەنانەت ئەو پارتی-ەی ئێستا پەنای بۆ بردووە، بەشێکی زۆر لەفایلی گەندەڵییەکانی پارێزگاری پێشووی کەرکوک، لەسەر دەستی هەندێ لەبەرپرسانی ئەو حزبە، لەدامەزراوەکانی چاودێری و قەزایی کەرکوک و عیراق جووڵێندراون و ئێستا لەلایەن دادگاکانی عیراقەوە داواکراوە".

دەقی روونکردنەوەکەی کاوە محەمەد

روونکردنەوەیەکی پێویست لەچەند رۆژی رابردوودا کۆپییەکی ئەو کیتابەم بڵاوکردەوە کە لەمانگی نیسانی ساڵی پار (٢٠١٨) لەبارەی یەکێک لەگەندەڵییەکانی بەڕێز (دکتۆر نەجمەدین کەریم) پارێزگاری پێشووی کەرکوک بوو و ئاراستەی سەرۆکی دەستەی نەزاهەی عیراق-م کردبوو، دوای ئەوە پارێزگاری پێشوو روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رەتیدەکاتەوە کە ئەو زانیارییانە راست بن و دەڵێ ئەمە بۆ بەلاڕێدابردنی رایگشتی و شەقامی کوردیە بەرامبەر (دکتۆر نەجمەدین کەریم) ! و هەڕەشەش دەکات کە رێکاری یاسایی بەرامبەر بەندە بگرێتەبەر.. 
بۆیە لێرەدا ئەم روونکردنەوەیەم بە پێویست زانی: 
1-پێش هەموو شتێک نازانم ئەو سیاسییە شکستخواردووانە تاکەی واز لەو لووتبەرزییە ناهێنن کە لەجیاتی ئەوەی بە ناوی خۆیانەوە روونکردنەوە بڵاوبکەنەوە، بەناوی (نووسینگەی راگەیاندنی فلان و فیسار) رایگشتی دەدوێنن و خۆیان لەپەنای ئەو نووسینگە بێ مانا و هەندێجاریش وەهمیانەدا دەشارنەوە، خەڵک و خوێنەر هەقی خۆیانە لەو دکتۆرە بەڕێزە بپرسن، ئەرێ تۆ چیت، نووسینگەی راگەیاندنت هەبێت ؟ (ئەوە دەزانین کە نە پێشتر یەکێتی بوویت و نە ئێستاش پارتی-ت)، ئێ خۆ ئێستاش نە پارێزگاریت، نە بووی بە سەرۆکی ئەو هەرێمی کەرکوکەی کە ( بۆ خۆت نەک بۆ کەرکوکییەکان) خەونت پێوە دەبینی، چ پێویست بە نووسینگە و ئەو پۆزلێدانە بێ تامە دەکات بەسەر خەڵکەوە ؟.
٢- لەراستیدا پێویست بەوە ناکات ئێمە رایگشتی و شەقامی کوردی بەلاڕیدا ببەین بەرامبەر ئەو بەڕێزە، چونکە ئەو کار و گەندەڵییەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە، تەنانەت ئەو پارتی-ەی ئێستا پەنای بۆ بردووە، بەشێکی زۆر لەفایلی گەندەڵییەکانی پارێزگاری پێشووی کەرکوک، لەسەر دەستی هەندێ لەبەرپرسانی ئەو حزبە، لەدامەزراوەکانی چاودێری و قەزایی کەرکوک و عیراق جووڵێندراون و ئێستا لەلایەن دادگاکانی عیراقەوە داواکراوە، ئیتر چ پێویست دەکات کە ئێمە ئەو رایگشتی-ە بەلاڕێداببەین.

٣-بەراستی زۆرم پێ سەیرە کەسانێک کە لەهیچیان کەم نەبێت، نە لەپارە و کۆشک، نە لەپۆست کە لەوەتەی لەدەرەوە هاتۆتەوە، تا (١٦ی ئۆکتۆبەر)ی ساڵی (٢٠١٧) ئەنواعی پۆست و کورسی تاقیکردەوە، لەهیچ شتێک لەو بابەتە مادیانەی کەم نیە، ئەی نازانم لەچی کەمە، ئاوا (نووسینگەی راگەیاندنەکەی) ئەو هەموو ماستاوە خەستە بۆ سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم دەکات و هەرچی راستییە دەیشارێتەوە و هەرچی ناراستیشە بەدوای یەکدا ریزیان دەکات ؟!..

ئاخر حکومەتی هەرێمێک کە رۆژانە زیاتر لە(٤٠٠) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک، هی (کێڵگەکانی ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبور، باباگوڕگوڕ و خەباز)ی وەک نەوتەکەی هەرێم، بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێک تاڵانفرۆش کردبێت و یەک دۆلاری نەدابێتە ئیدارەی کەرکوک، کەچی جەنابی پارێزگاری پێشوو، دەڵێ:(سوپاسی بەڕێز حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک (نێچیرڤان بارزانی) کە بە تێگەیشتن و دڵسۆزییەکی تەواوەوە دەیڕوانیە شاری کەرکوک و گەیشتینە رێکەوتنێک کە مانگانە بڕی (١٠ ملیۆن دۆلار) وەک پشکی کەرکوک لەپترۆدۆلار بدرێت بە ئیدارەی کەرکوک، ئەم رێکەوتنە لەلایەن بەڕێزان (حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک) لەبەرواری (٢٠١٦/١/١) خرایە بواری جێبەجێکردنەوە..)، لەکاتێکدا وەک خۆی لەروونکردنەوەکەیدا
دەڵێ، لەمانگی (٢٠١٤/٦)ەوە داعش هاتووە، ئێ لەوکاتەوە نەوتی هەموو کێڵگەکانی کەرکوک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە فرۆشراوە.

٤- ئینجا رێک و راست کارەساتی گەورەش لەم رێککەوتنەدایە کە لەتاریکیدا ئیمزاکرا و تا ئێستاش دکتۆر نەجمەدینی بەڕێز ئامادە نیە ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکات. بیری دەهێنمەوە لە (٢٠١٦/٢/١٠) لەگەڵ بەڕێزان (ئارێز عەبدوڵا و د.تارق گەردی) وەک ئەندامانی کورد لەلیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عیراق، لەئۆفیسەکەی خۆی لەپارێزگای کەرکوک لەگەڵی کۆبووینەوە و داواملێکرد کە نوسخەیەک لەو رێککەوتنەمان بداتێ، چەندین بیانووی بێ مانای هێنایەوە و دوایی بەڵێنیشی دا کە لەئایندەیەکی نزیکدا رێککەوتنەکە بخاتە بەردەست ئەنجومەنی پارێزگا تا دەنگی لەسەر بدەن، دوای ئەوە بیدات بە ئێمەش، بەڵام تا بە ئێستاش دەگات کەس نازانێ ئەو کەینوبەینەی نێوان دکتۆر نەجمەدین لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی چی بوو و لەسەر چ شتێکی مەترسیدار رێککەوتوون کە ئاوا رێککەوتنەکەیان نەک لەرایگشتی و ئێمەی پەرلەمانتارانی کورد شاردەوە، بەڵکو تەنانەت لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و مەکتەبی سیاسی حزبەکەی ئەوکاتی پارێزگاری پێشووش شاردرابۆوە. لێرەوە من تەحەدای پارێزگاری پێشووی کەرکوک دەکەم کە ئەگەر لەو رێککەوتنەدا پەرێزی پاکە، با ناوەرۆکەکەی بڵاوبکاتەوە.

٥- هیوادارم بەڕێز دکتۆر نەجمەدین سکاڵا تەنها لەسەر بەندە تۆمار بکات و لەسەر هیچ میدیایەک تۆماری نەکات کە هەواڵی ئەو بەدواداچوونە پەرلەمانییەی بەندەیان بڵاوکردۆتەوە، چونکە ئەوە لەکارە هەرە جەوهەری و سەرەکییەکانی پەرلەمانتارە کە بەدوای پرسی گەندەڵییەوە بچێت و کەشفیان بکات و دامەزراوەکانی چاودێری و قەزایی لێ ئاگادار بکاتەوە تا بەرپرسانی بدرێنە دادگا، ئەوەی دەیەوێت کاری پەرلەمانتاریمان فێر بکات، با بچێت جارێ کاری پارێزگاری فێرببێت کە چۆن پارێزگاری لەسەروەت و سامانی شارەکە بکات و نەیخاتە نێو سەفەقاتی بازرگانیی نهێنی و شەخسیەوە، با بچێت فێری ئەوە ببێت کە چۆن پارێزگار دەبێت پارێزگاری لەخاک و خەڵکی پارێزگاکەی بکات، نەک بۆ خۆرەپێشکردن و خۆ خۆشەویستکردن لەلای سەردارانی دیوەخانی (کوردایەتی)، خاک و خەڵک بکاتە قوربانی.

٦-لەکۆتاییدا دەمەوێ بەو بەڕێزە خاوەن نووسینگەیە بڵێم کە نێوانی من و تۆ تەنها کەیسی ئەو (٥١ ملیۆن دۆلار)ە نابێت، چونکە کەیسی گەندەڵی تر زۆرن، بەڵگە و دۆکیومێنت زۆرتر کە بتوانین بە جوولاندنیان وا بکەین جەنابی پارێزگاری پێشوو، باشتر بە رایگشتی و شەقامی کوردی و عیراقیش بناسێنرێت. و اڵایام بیننا..

کاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق



PM:11:04:02/06/2019