پاش ئه‌وه‌ى دوێنێ ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان لە په‌یامێكدا داوای سه‌ركردایه‌تى پارتى و یه‌كێتى كرد هێرشی راگه‌یاندن ڕاگرن و گرژیەکان هێور بکەنەوە، ئه‌مڕۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی دایه‌وه.
جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی له په‌یامه‌كه‌یدا کە بۆ ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ناردوه، ڕایگه‌یاندوه "ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ی جه‌نابتان كه له (2/6/2019) بڵاوكرابوه‌وه خه‌مخۆری و په‌رۆشیتان ده‌ده‌بڕی به‌رامبه‌ر ڕه‌وشی سیاسی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، ئێمه له یه‌كێتی نیشمانی كوردستان ئاماده‌یی خۆمان ده‌رده‌بڕین بۆ هه‌نگاونان به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی په‌یامه‌كه و داواكارییه‌كه‌ی به‌رێزتان به ئیراده و ویستی ڕاسته‌قینه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان".
دوێنێ ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان لە پەیامێکدا بۆ یه‌كێتى و پارتى وتبووى "سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان و به‌تایبه‌ت به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێویسته هه‌ڵوێسته‌یه‌كی به‌رپرسیارانه بكه‌ن و كاتی ناسازی و نارێكی و هه‌ره‌شه بارانى یه‌كتر نیه".