سیاسیەکان داهێنان نوێی لە جنێوداندا دەکەن
لەشەڕی سەرشەقامەکان سووکایەتی زیاتر بەیەک دەکەن

ئا:دەروون رەشید

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ قورستر بەرپرسانی یەکێتی و پارتی کەوتنە جوێندان و ناوزڕاندنی یەکتری، کار گەیشتە ئەو رادەیەی ئەو جنێودانەی هەندێک لە بەرپرسانی هەردوو حیزب بەیەکتریان دەدا، لە کاتی شەڕی دوو هاوڵاتی ئاسایشدا لە نێو "مەزاتخانەی" سلێمانی و"  "شێخەڵای"هەولێرش بەو شێوەیە قسەی سووک بەیەک ناڵێن.

د. محەمەد عەلی مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی پێشووی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت " پاشئەوەی زۆرترین وشەی ناشیرینیان دژ بەیەکتر بەکارھێناو تەشھیریان بەیەکترکردو جنێویان پێنەما، بارزانی بڕیاری ڕاگرتنی ھێرشی ڕاگەیاندنی دەرکرد و ھۆکارەکەش زیاتر بەبۆنەی ھاتنی جەژنەوەیە! کەواتە بڕیارەکە کاتیەو ھەردولاتان لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ خولێکی تری توندوتیژی ڕاگەیاندن".

 ئەو پێیوایە، دەستنەبردن بۆ ڕەگ و ڕیشەی کێشەکان و نەبوونی موبادەرەو ئیرادەی نیشتمانیە لەلای یەکێتی و پارتی، سەرچاوەی کێشەکانە نەوەک ھێرشی ڕاگەیاندن و دەڵێت" ئێوە دەمێکە بە عەمەلی ئیھانەی کەرامەتی مرۆڤی کورد دەکەن لەھەرێم و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر." 

بە شێک لە سیاسی و رۆشنبیران پێیانوایە ئەم دیاردەی جوێندانە لەلایەن کەسایەتییە سیاسییە باڵاکانەوە، ئاماژەیە بۆ "ئیفلاسی سیاسی" ئەو حیزبانەو، دابەزاندی ململانێی نێوانیانە تا ئاستێکی زۆرنزمی سیاسی کە مەگەر تەنها لە "فەرهەنگی سیاسی " کوردا شێوەی هەبێت.

عەزیز رەوف نوسەر و رۆشنبیر بە سپی راگەیاند" یەکێک لە کێشەکانی دنیای سیاسی ئێمە ئەوەیە هێزی سیاسی لە کوردستان هێزێکی خاڵییە لە فکر و سیاسەت و بیرکردنەوەی جددی".

ئەو پێیوایە، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەو تەشهیر، بەتاڵی سیاسیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی باشورمان بۆ دەردەخات، بە تایبەت یەکێتی و پارتی، کە ئەمەش ئەزمونێکی دوورو درێژی هەیە لە شەستەکانەوە و لە شەڕی ناوخۆوە دەبینین زمانی زبر لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەرامبەر بە یەکتری بەکار دێت.

 عەزیز رەوف باسی لەوەشكرد لە ئێستادا ئەم بارگرژییە زیاتر پەرەی سەندووە بەتایبەت لە مەسەلەی کەرکوک و دەڵێت" ئەوەش پەیوەندی بەو بەتاڵییە سیاسییەوە هەیە کە هێزە سیاسییەکان بەرهەمیان هێناوە، هەروەها پەیوەندی هەیە بەو دۆخە نا ئاساییەوە هەیە کە لە کوردستاندا هێزی سیاسیی لە بەتاڵی سیاسیدا ئیشی ئەوەیە کە تەشهیرو جوێن بەکار بهێنێت بەرامبەر بە یەکتری".

ئەو رۆشنبیرە، پێیوایە مێژووی ٥٠ ساڵەی شەڕی ناوخۆی ئەم هێزە سیاسییانە و ئەو بەتاڵییە سیاسییە چارەسەرەکەی هەروا ئاسان نییە و  وتی" چارەسەرکردن بە مۆدێلێکی تری  سیاسییە ئەوەش بە سەر ڕێ خستنی فۆڕمێکی تری سیاسی، کە زمانی سیاسیی ئەم هێزە سیاسییانە شێوازێکی تر بەخۆیەوە ببینێت ئەوەی دەیببینی لە ئۆپۆزسیۆنیشدا ئەم زمانە هەیە، پێویستیمان بە سەر ڕێخستنی مۆدێلێکی تری سیاسەت و مۆدێلێکی تری قسەکردن و مۆدێلكی تری راگەیاندن هەیە بۆ ئەوەی خاڵی بینەوە لەم جۆرە تەشهیرکردنە بەرامبەر بەیەکتری، چونکە کوردستانی باشور خاڵی بۆتەوە لە فکر و لە جیهانبینینی نوێ".

لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە کە سەردەمی لەدەستدانی ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی ١٤٠ بوو، لەلایەن دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەتی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی یەوە، جنێودان و سووکایەتیکردن گەیشتە ئاستێک کە سەرکردە کۆچکردووەکانیشی گرتەوەو کەلێنێکی گەورەی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دروستکرد، هەندێک سیاسی و رۆشنبیر رەگوریشەی ئەم سوکایەتیکردنەوە دەگێڕنەوە بۆ کەلتوری سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا.

رێواز فایەق پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە، سپی راگەیاند " هەر بە تەنها یەکێتی و پارتی وانین بە شێوەیەکی گشتی سەرجەم حزبەکانی کوردستان زمانی جوێن و هەڕەشە بەکاردەهێن، کە ئەوەش کلتورێکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان باوەو، لە دوای راپەڕێنەوە تا ئێستا بەردەوامە. ئەو حزبە تازانەشی کە دروست بوون زیاتر پەرەیان بەم کلتورە داوە شێوازی جوێن فرۆشتن و قسەبەیەکتر وتن زیاتر پەرەی سەندوە وەک لەوەی کەم بکرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زەحمەتە ئەم کلتورە چارەسەر بکرێت " چونکە بووە بە بەشێک لە گەشەی سیاسی و لەگەڵ حزبە سیاسییەکان هاتووە".
رێواز فایەق بە پێویستیزانی پەروەردەی سیاسی بگۆڕێت و هاوئاهەنگیەکی دروست هەبێت لە نێوان مەنهەجی خۆێندن و دەزگاکانی راگەیاندن و پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەکان، ئەو دەڵێت " دەبێت هەموو لایەنە حزبی و حکومیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەست لەناودەست بن و کار بکەن بۆ چارەسەری ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن".

لەگەڵ گەیشتنی ئەو ناوزڕاندنە بە لوتکەی سووکایەتیکردن بەیەکتری، زیاتر لە ٥٠ رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە بەیانێکدا رایانگەیاند"  ماوەی چەند رۆژێكە لە راگەیاندنی رەسمی و سێبەرو پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پارتی و یەكێتی هەڵمەتێكی فراوانی راگەیاندن دژ بە یەكتری بەڕێوەدەبەن. ئێمە وه‌ك ئەو رێكخراوانەی لە خوارەوە ئیمزامان كردوە درك بەوە دەكەین كە ئەوەی بە دەرئه‌نجام لە ناكۆكییەكانی ئەواندا بەرهەم دێت، دوبەرەكی قوڵ و جەمسەرگێری و قەیرانی زیاتری كۆمەڵایەتی و ئابوری لێدەكەوێتەوە، كە هاوڵاتییانی كوردستان باجەكەی دەدەن".

لای خۆشییەوە عارف قوربانی نوسەر و رۆژنامەنووس  لەبارەی جوێندان و تەشهیرکردن بەیەکتری لە نێوان حزبە سیاسییەکان بە (سپی) راگەیاند، "بۆ کۆمەڵگای ئێمە دیاردەیەکی نامۆ و تازەیە، رەنگە لە ناو هەندێک کۆمەڵگاو میللەتانی دیکە دەیبینین کە بەتایبەت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن رکابەرەکان بە زمانێکی زۆر زبر رکابەری یەکتر دەکەن".
قوربانی، پێیوایە کۆمەڵگەی کوردی ئەوەندە گەشەی نەکردووە لەگەڵ ئەم زۆرە مۆدێلە رابێت و، وتی" رەنگە ئەمە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی نەکات چونکە کۆمەڵگاو حزبەکان بەمە ڕانەهاتوون".

ئەو، وا راڤەی دەکات کە ئەم دیاردەیە رەگوریشەی دەگەڕێتەوە بۆ"  هەبوونی  کێشە لەناو حزبەکاندا کە نەیانتوانیاوە چارەسەر بۆ کێشەکانیان بۆ بدۆزنەوەو، جۆرێک بێ متمانەیی لە نێوانیاندا دروستبووەو گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بەمشێوازە رکابەری یەکتر بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، کوردستان مەحکومە بەوەی پارتی و یەکێتی  دەبێت پێکەوە رێکبکەون لەسەر ئەو کێشەو گیروگرفتانەی کە هەیە، رەوشی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی لە گۆڕانکاریدایەو دەڵێت" مەرج نییە پێشهاتەکان لە بەرژەوەندی کوردستان دا بێت، لەبەر ئەوە هیواخوازم هەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی وایان لێبکات چارەسەرێک بۆ ئەم کێشانە بدۆزنەوە کە لەنێوانیاندا هەیە بۆ ئەوەی ئەو شێوازە لە گفتوگۆش نەمێنێت کە دەیبینین".

ئەو هەڵمەتی سوکایەتیکردنەی چەند رۆژی رابڕدووی نێوان پارتی و یەکێتی بەخۆیان و سەرکردەکانیان، جارێکی تر بەبڕیاری هەردوو حیزب راگیرایەوە، بەڵام ئەو رۆشنبیرانە پێیانوایە ئەگەر سیاسیەکان چارەسەر بۆ ناکۆکیەکانیان نەدۆزنەوەو، لای خۆیانەوە بەرپرسان هەست بەر پرسیارێتی نەکەن و، لێپرسینەوە نەبێت لەو بەرپرسانەی هەمیشە ئەم بازاڕە گەرمدەکەن، ئەوا هیچ دوور نییە سبەی جارێکی تر بە خەست تر دەستپێنەکاتەوە.  



AM:12:13:04/06/2019