قەزای تارمیەی سەر بە پارێزگا بەغدای پایتەخت بەهۆی پەلامارێکی چەکدارییەوە چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردووە، بەیانی ئەمڕۆ لەکاتی هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی لیوای ٥٩ی سەر بە هێزەکانی عێراق لە یەکێک لە بازگەکاندا، بۆمبێکیان پیادا تەقیوەتەوە و دواتر لە نزیک ڕووداوەکە چەکدارانی نەناسراو تەقەیانکردووە و بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.
شانەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی عێراق سێ چەکداریان لەو ڕووداوەدا کوشتووە و گەڕان و پشکنین بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستیپێکردووە کە تائێستا نەزانراوە سەر بە چ لایەنێکن.