یه‌كێتیی ئه‌وروپا گۆڕانکاری لە پێدانی ڤیزای شنگن دەکات

یه‌كێتیی ئه‌وروپا بەمەبەستی باشتركردنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌ردانیكاره‌ یاساییه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆچبه‌ری نایاسایی، یاسای پێدانی ڤیزای شنگنی هەمواردەکاتەوە.

هەریەک لە وه‌زیرانی ناوخۆ و دادی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ راگه‌یێندراوێكی هاوبه‌شیدا  کە لە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی "شنگن ڤیزا ئینفۆ" بڵاوکراوەتەوە ئاماژەیان بەوەکردوە، ساڵی 2018 پێشنیازی هه‌مواری رێكخستنه‌وه‌ی یاسای پێدانی ڤیزا كراوە، ئه‌گه‌ر بێتوو مانگی داهاتوو پێشنیازه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا په‌سند بكرێت، به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 ده‌خرێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

ئەوەشهاتووە، رێکخستنەوەی یاسایی پێدانی ڤیزای شنگن، رێكاره‌كان روونتر ده‌كات بۆ گه‌شتیار و سه‌ردانیكاره‌ یاساییه‌كان. 

له‌ به‌شێكی دیکەی هه‌مواری یاساكه‌دا هاتووه‌، دەتوانرێت تاوه‌كو شەش مانگ بەر لە گەشتەکان، هاووڵاتیان مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزا ئەنجامبدەن. له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا واده‌ی چاوپێكه‌وتن دیاری ده‌كرێت. هه‌روه‌ها فۆرمی ئه‌لیكترۆنیش ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت كه‌ گه‌شتیار واژۆی ئه‌لیكترۆنیشی له‌سه‌ر ده‌كات. 

لایخۆشییەوە کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی ڤیزا لە 60 یۆرۆوه‌ بۆ 80 یۆرۆ. بەو پێیەش ڤیزای گەشتیاریی کە بۆ هاووڵاتییانی زیاتر لە 100 وڵات دەبێت، گۆڕانکاری لە نرخی پێدانی ڤیزاکەدا کراوە و، بۆ ئەو مەبەستەش ئەوانەی مامەڵەی ڤیزای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا  دەکەن، نرخەکەی لە 60  یۆرۆوه‌ بۆ 80 یۆرۆ بەرزکراوەتەوە.

ئه‌م بابه‌ته ‌1268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:27:07/06/2019