وەک دوا هەواڵێک بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە گەورەیەی کەوتۆتە نێوان یەکێتی و پارتی یەوە لەسەر پرسی کەرکوک، بڕیارە پێش مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێم پارتی و یەکێتی جارێکی تر کۆببنەوە.
وەک کۆبوونەوەی دوا ساتەکان، بڕیارە پێش سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی کە ١٠ی حوزەیرانە پارتی و یەکێتی کۆببنەوەو ئەوە دوا کۆبوونەوەی یەکلاییکەرەوەی نێوان ئەو دوو حیزبە دەبێت لەسەر بەشداریکردنی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
دوای ئەوەی بەبێ بەشداری فراکسیۆنی یەکێتی کە لە ٢٨ ی ئایاردا سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردراو، هەڵمەتی راگەیاندنی نێوان یەکێتی و پارتی هەرچی هێڵی سوورە بەزاندی و، چەند رۆژێکی خایاند، دواتر لەلایەن هەردوولاوە هەڵمەتەکە راگیرا، چەند رۆژێکیشە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بۆ نزیکبوونەوەی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێت لەسەر پرسی دانانی پاریزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک، سەرچاوە سیاسیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەگەر ئەو هەنگاوە سەربگرێت، ئەوا یەکێتی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەکات و بەمەش بەشداری حکومەتی نوێی هەرێمی دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەرێک لە ئارادایە ئەگەر لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک رێکنەکەون، یەکێتی بەشداری ئەو مەراسیمە نەکات.
لە دوا كۆبوونهوهی مهكتهبی سیاسی یهكێتی نیشتمانی كوردستانیشدا، وەک راگەیەندرا جەخت لهسهر گفتوگۆ و لێكتێگهیشتنی هاوبهشی نێوان هێزه كوردستانیهكان كراوهتهوه بۆ تێپهراندنی قهیرانی پێكهێنانی حكومهت و لێكتێگهیشتنی هاوبهش بۆ پرسی كهركوك و ناوچه جێناكۆكهكان.
بڕیارە رۆژی ١٠ حوزەیران سەرۆکی نوێی هەرێم نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەکاربێت.