ئاراسی شیخ جەنگی داوای سزادانی نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەتدا دەکات

ئاراسی شێخ جەنگی برازای تاڵەبانی، داوای لێپرسینەوە دەکات لە نوێنەرەکانی یەکێتی لە حکومەتداو بە کەمتەرخەم ناوزەدیان دەکات.
ئاراس شێخ جەنگی، کە بەرپرسی پێشوی سکرتاریەتی مامجەلال و کادیری دیاری یەکێتی یە رایدەگەیەنێت،"ئەو کادیرانەی لەناو حکومەتدا بون نەیانتوانیوە بە ڕۆڵی خۆیان هەستن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە".

ئاراسی شێخ جەنگی، لە درێژەی قسەکانیدا کە لەگەڵ کەناڵی فەرمی یەکێتی کردوونی، دەڵێت،"پێویست بو ئەو کادیرانەی یەکێتی کەلەناو حکومەتدا بون خزمەتی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بکەن".

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، وتی،"جیاوازیەکی گەورە هەیە لە نێوان هەولێر و سلێمانی لەوەی بۆچی ئەوان بتوانن خزمەتی هەولێر بکەن، بەڵام ئێمە نەتوانین خزمەتی سلێمانی بکەین"

ئاراسی شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند،"ئەو بودجەیەی کە دێت تەنها بۆ هەولێر و دهۆک نیە، پێویستە هەر پڕۆژەیەک لەوێ بکرێت لە سلێمانیش بکرێت، بۆ ناکرێت ؟ "بۆچی شەقامی ١٢٠مەتری لە هەولێر تەواو کرا، بەڵام لێرە تا ئێستاش شەقامی 100 مەتری ئەنجامنەدراوە، بەدەیان تونێل لە نێوان زاخۆ و دهۆک کراوە، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە کارێکی وا بکەین"  کە بە بڕوای کادیرەکەی یەکێتی بەرپرسیاری ئەم هۆکارانەش ئەو کەسەیە کە لەناو حکومەتدا بوە".

هەر لەگرتە ڤیدیۆیەکەدا وتی: "کۆمەڵێک خەڵک پەیدا بوە کە باسی ڕێبازەکەی مام دەکەن، تەحەدایان دەکەم کەسیان لەسەر ڕێبازەکەی مام بڕۆن، بگرە هەر ئەو کەسانە خەریکی دروستکردنی کۆمپانیای ئەمنی و بازرگانین بۆ کوڕەکانیان وە هەر کوڕی بەرپرسەکانن کە تەحەکوم بە حیزبەکەوە دەکەن چونکە هێزی چەکداریان هەیە کە ئەمە قابیلی قبوڵ نییە".






PM:09:57:07/06/2019