پەکەکە لە زاخۆ هێرشیکردە سەر بنکەیەکی تورکیا

گەریلاکانی پەکەکە لە کۆمەلگەی بێگۆڤا لە سنوری زاخۆ هێرشیانکردووەتە سەر بارەگایەکی سوپای تورکیا و شەڕوپێکدادن لە نێوان هەردوولا ڕوویداوە.

کاتژمێر پێنج و ٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ ٧ ی حوزەیران، گەریلاکانی پەکەکە لە دۆڵی بیێ سەر بە ناحیەی باتیفا لە سنوری زاخۆ هێرشیانکردووەتە سەر بارەگەیەکی سوپای تورکیا و بەوهۆیەشەوە لە ناوچەکە دوکەڵێکی زۆر بەرزبووتەوە.

بەشێک لە هاوڵاتیانی گوندی بیێ بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تییان ڕاگەیاند، لە هێرشەکەدا گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چەندین ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی سوپای تورکیایان سوتاندووە، بەوهۆیەشەوە ڕێگەی هاتوچۆی گوندەکە گیراوە.

هەروەها دلشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا ڕاگەیاند، لە ئێستادا لەلایەن پەکەکەوە شەڕ ڕاگیراوە، بەڵام سوپای تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچەکە.

تا ئێستا زیانە گیانی و ماددییەکان نەزاندراون.

 

 



PM:11:25:07/06/2019