ژمارەیەک عەمرەکاری هەرێم لە سعودیە داوای بەهاناوە چون دەکەن

ژمارەیەک لە عەمرەکاری هەرێمی کوردستان کە ئیستا لە وڵاتی سعودییەن بەهۆی بوونی کێشە لە فڕۆکەکەیان ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستانو داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەن بە هانایانەوە بچن.

یەكێک لەو عەمرەکارانەی هەرێم کە لە سعودیە گیریخواردووە راگەیاند، ماوەی  ١٥ رۆژ بە مەبەستی گەشتی عەمرە هاتوونەتە وڵاتی سعودیە، بەڵام ٢١ رۆژە گیریانخواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەو عەمرەکارە هۆکاری نەگەڕانەوەکەیانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە کێشە کەوتووەتەوە فڕۆکەکەیان، بەڵام گومانی لە راستی ئەو روداوە هەبوو وتی، کە رۆژی دواتر فڕۆکەیەکی دیکە ئامادەبووە.

هەروەها وتی کە کێشەیەکی دیکە خراپیی خزمەتگوزارییەکانە، چونکە ئەوان خەڵکیان لەگەڵدایە نەخۆشە و بەشێک لە عەمرەکارەکانیش پارەیان پێ نەماوە.

 وتیشی "لە ئێستادا بەشێک لە کۆمپانیاکانی گەشتی عەمرە فرتوفێڵێکی زۆریان هەیە، کە بریتییە لە فرۆشتنەوەی بلیت و بە واستە ناردنەوەی بەشێک لە عەمرەکاران کە لەگەڵ ئێمەدا هاوسەفەر بوون، ئەویش لە رێگای پێدانی ١٠٠ دۆلاری زیاتر یان بە هەر رێگایەکی تر بێت."

ئەو عەمرە کارە بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بیانزانیبایە ١٥ رۆژ زیاتر دەمێننەوە بۆ گەشتی عەمرە نەدەهاتن، لەبەرئەوەی خەڵکیان لەگەڵدایە نەخۆشە و خەڵک هەیە فەرمانبەرە و خەڵک هەیە لەسەر ئەوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە لێرە ماوەتەوە لەگەڵ خێزانی خۆی تووشی کێشە هاتووە.

لە هەرێمی کوردستان سەدان کۆمپانیای تایبەت بە گەشتی عەمرە بۆ وڵاتی سعودیە کاردەکەن و، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیان پێ دراوە، هاوڵاتییان لە رێگای پێدانی پارەیەکی دیاریکراو بە کۆمپانیاکانی گەشتی عەمرە و بەپێی گرێبەستی نێوانیان، بەرپرسیارێتیی دابینکردنی شوێن و چوون و هاتنەوەیان بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو دەکەوێتە سەر کۆمپانیا.


PM:07:13:08/06/2019