تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە د. بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەکات

د. بەرهەم ساڵح بەشداریکردنی خۆی لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆک هەرێم سپاردووە بە مەکتەبی سیاسی یەکێتی تا دوا بڕیاری لەسەر بدەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی بەفەرمی میوانداری بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقی کردووە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەکەی بکات، بەلآم بەهۆی مانەوەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی یەوە لەسەر پارێزگاری کەرکوک و وەزیری داد، بەرهەم ساڵح بەشداریکردنی لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەدا سپاردووە بە مەکتەبی سیاسی یەکێتی تا دوا بڕیاری لەسەر بدەن".

ئەو لە کاتێکدایە کە بڕیارە لەسەر داوای یەکێتی سبەی یەک شەممە کۆبوونەوەیەک لە نیوان پارتی بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و وەفدێکی یەکێتی سازبکرێت کە چەند رۆژێکە ئەو وەفدە لە هەولێرن و بۆ دوا خوولی گفتوگۆیان لەگەڵ پارتی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە درووستیان کردووە، وەفدەکەش پێکدێت لە کۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تالەبانی و ئەرسەلان بایز.

ئەو وەفدەی یەکێتی کە چەند رۆژێکە لەهەولێرن داوا لە پارتی دەکەن کە ماوەیەکی دیاریکراو بدات بە یەکێتی لەسەر دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک، یان رەزامەندی لەسەر پێشاندانی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق لە ماوەیەکی دیاریکراودا.

بەپێی زانیاریەکانی سپی تا ئێستا پارتی هیچ بەڵێنێکی تەواو و کۆنکرێتی لەسەر ئەو دوو پرسە بە یەکێتی نەداوە، ئەنجامی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەو دوولایەنە، رێککەوتنی یەکێتی و پارتی و بەشداری بەرهەم ساڵح لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، یەکلایی دەکاتەوە.
 



PM:11:13:08/06/2019