حەج وعەمرەی هەرێم لەسەر ئەو عەمرەکارانەی لە سعودیە گیریان خواردبوو ڕوونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعەمرەی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو عەمرەکارانە بڵاوکردەوە کە  لە سعودیە گیریانخواردووە و رایگەیاند، لە ئێستادا کێشەکە چارەسەر کراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعەمرەی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە شەش ھەزار ھاوڵاتیی ھەرێم لە ڕێگەی ھیڵی فڕۆکەوانیی عێراقی سەفەریان کردووە، بە ھۆکاری تێکچوونی فڕۆکەیەکی جۆری جامپۆی ھێڵی فرۆکەوانی عێراقی لە شاری جەدە خشتەی گەرانەوە تێک چووبوو، بەڵام لەئێستادا بەھەوڵی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعەمرە کێشەکە چارەسەر کراوە لەسێ بۆ چوار ڕۆژی داھاتوو ھەموو عەمرەکارانی ھەرێم دەگەرێنەوە فرۆکەخانەکانی ھەولێرو سلێمانی.

لە ڕونکردنەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە "دەربارەی کەم تەرخەمی خزمەتگوزاری کۆمپانیاکانی تایبەت بە گواستنەوەی عەمرکاران، ھەر عەمرەکارێک  سکاڵای لەسەر ھەر کۆمپانیەک ھەیە کە بەڵێنەکانی بەرامبەری جێ بەجێ نەکردوون، دەتوانێ  سکاڵا تۆمار بکات ".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرە هەرێم دەشڵێت، " لێژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆلینەوە پێکھێناوە و ئیجرائاتی توند و پێویست بەرامبەر کەم تەرخەمی ھەرکۆمپانیایەک دەگرێتە بەر."

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرە لەگەڵ دەستەی باڵای حەجی عێراق لە پەیوەندیدا دەبێت بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بەرامبەر ھێڵی ئاسمانی عێراقی بگیرێتەبەر لەحاڵەتی بوونی ھەرگرفتێکی تەکنیکی، کە ببێتە هۆی دواکەوتن لەخشتەی ڕۆیشتن و گەرانەوەی عەمرەکارانی ھەرێم.



PM:11:24:08/06/2019