قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لەمانگی ڕەمەزاندا 5 شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون.
لە ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، تیایدا هاتووە" لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ سەردانی 152 شوێنیان کردووە و لەو ژمارەیەش 31 شوێن سەرپێچیان کردووە".
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانەوە 5 شوێن لەماوەی ئەو مانگەدا داخراون، هاوکات یەک ملیۆن و سێسەد و پەنجا هەزار دینار غەرامەی سەرپێچیکاران کراوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، کۆی گشتی ئەو ماددە و شتومەک و کاڵایانەی لەو مانگەدا لە قەزای چەمچەماڵ دەستی بەسەردا گیراوە، بریتی بووە لە یەک تەن خۆراک و ماددەی خراپبوو.