رۆژنامەنووسێک داوای روونکردنەوە لە دەزگاکانی ئاسایشی ناوچەی سەوز دەکات

رۆژنامەنووس بەرزان عەلی حەمە داوای روونکردنەوە لە ئاسایشی بازگەکانی کۆیە دەکات کە یەکەم رۆژی جەژن لەکاتێکدای ئەو ویستوویەتی بگەڕێتەوە سلێمانی، بەڵام ئاسایشی بازگەی کۆیە هەوڵی دەستگیرکردنیان داوەو دواتر بەیارمەتی بارەگایەکی پارتی رزگاری بووە.

بەرزان عەلی حەمە لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند " من ھیچ کێشەیەکم لەگەڵ ھیچ بەرپرسێکی حیزبی و حکومی لە سنووری سلێمانیدا نەبووە و نییە، ھیچ سکاڵایەکی یاساییشم لەسەر نییە، بۆیە جێی سەرسوڕمانم بوو بەو شێوە گوماناوییە لە یەکەم ڕۆژی جەژندا مامەڵەم لەگەڵ کرا. بەم پێیەش، تا ئێستا ھیچ بەرپرسێکی حیزبی و حکومی ھیچ ڕوونکردنەوەیەکم پێ نادەن کە ئایا من دەتوانم بگەڕێمەوە شارەکەی خۆم، یان تێبینییەکی یاساییان لەسەر من ھەیە؟!".

ئەو چیرۆکی یەکەم رۆژی جەژ ن دەگێڕێتەوە کە لەڕێگادا بووە بگەڕێتەوە سلێمانی و دەڵێت "٤ی حوزەیران ٢٠١٩ كە دەكاتە یەكەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان، لە ھەولێرەوە گەڕامەوە سلێمانی و لە بازگەی کۆیە پێناسم پێدان و لێکۆڵینەوەی چڕیان لەگەڵ کردم، پاشان ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیو ئێکس فایفی جام ڕەشی تابلۆ ئەوروپی خرایە پێشم، بۆیە بە ناچاری خۆم کرد بە ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا".

ئەو لە درێژەی گێرانەوەکەیدا باسی ئەوە دەکات " بەرپرسانی ناوچەکەش داڵدایان دام، دواتر ئەفسەرێک بە پلەی عەمید لە ئاسایشی کۆیە، پەیوەندی بە بەرپرسی ناوچەکەوە کرد و داوای ڕادەست کردنی منی دەکرد، بەرپرسی ناوچەی پارتیش پەیوەندی بە سەرووی خۆیەوە کرد و پێی ڕاگەیەندرا کە من ڕادەست نەکات! دوای پێنج کاتژمێر مانەوەم لە ناوچەی پارتی، بە ھەوڵی بەرپرسانی حکومی و حیزبی لە ھەولێرەوە، ڕێگەی گەڕانەوەم پێ درا، ئەڵبەت ئەمەش بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی دەستبەرداری من بوون، دەنا گوشاریان دەکرد ڕادەست بکرێم".

رۆژی رووداوەکەش سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیەندراوێکدا ئەو رێکخراوە داوای رونكردنەوە دەكات لە ئاسایش و دەڵێن " سەنتەری میترۆ ئیدانەی ئەوهەلسوكەوتە دەكات كە كارمەندانی ئاسایشی بازگەی هەولێر _ كۆیە بەرامبەر بە رۆژنامەنوس بەرزان عەلی حەمە ئەنجامیداوە".
لەو بەیانەی میترۆدا هاتووە رۆژی . 4ی حوزەیرانی2019 كە دەكاتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، رۆژنامەنوس بەرزان عەلی حەمە كە دانیشتوی شاری هەولێرە دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە بازگەی هەولێر _ كۆیە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی بازگەكەوە پشكنینێكی چڕی لەگەڵدەكرێت و دواتر بە ئۆتۆمبیلێك پێشی دەكەون، پاشان لەلایەن هێزێكی ئەمنییە پێی رادەگەیەنن كە بۆی نییە بگەرێتەوە شاری سلێمانی و ناچاری دەكەن بگەرێتەوە شاری هەولێر". 

سەنتەری میترۆ لە زاری بەرزان عەلی حەمەوە رووداوەکە لە بازگەی ئاسایشی کۆیەوە دەگێڕێتەوەو لە کۆتای راگەیاندراوەکەشدا، هاتووە " سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئەوهێزە ئەمنییە دەكات، دواشمان وایە كە هیچ رێگریەك نەكرێت لەو رۆژنامەنوسە لەسەردانی شاری سلێمانی بۆ بینینی كەسوكاری، هەموو هاوڵاتییەكی هەرێم ئازادە لە گەشتكردن بۆ هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و دەرەوە، ئەو هەڵسوكەوتانە نەگونجاوە لەگەڵ لانی كەمی مافەكانی مرۆڤ كە هاتوچۆكردنە بەشێوەیەكی ئازاد لەناو وڵاتەكەی".

بەرزان عەلی حەمە رۆژنامەنووسێکی خەڵکی سلێمانی یە سەرەتا لە میدیاکانی سلێمانی کاری دەکرد، ماوەی چەند ساڵێکە لە میدیاکانی نزیک پارتی کاردەکات و لەهەولێر دەژی و ناوبەناو دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.




PM:11:11:09/06/2019