ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان رۆژی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بەڕۆژیکی شوم ناودەبات

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ کۆڵەکەیەکی دیکەی بەبنەماڵەکردنی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم داکوتێنرا و پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستانیش کران بە شاهید بەسەریەوە.

کاوە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پۆستێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، دەڵێت "بینووسن..لەساڵنامە و دەفتەری یاداشتەکانتاندا تۆماری بکەن، کە ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠١٩/٦/١٠) یەکێکە لەرۆژە هەرە رەش و شومەکانی ئەم هەرێمە پڕ لەرەشایی و تارماییەی ئێمە". 

دەشلێت "ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بێ بەهاترکرا و پەرلەمانتاران نادیارترین بونەوەری ناو هۆڵی نمایشەکان بون". 

لە درێژەی نوسینەکەیدا دەڵێت " رێورەسمەکەی ئەمڕۆ، پێش ئەوەی بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێم بێت، بۆ چەسپاندنی بەمەرجەعکردنی (مەسعود بارزانی) و رەشکردنەوە و پەراوێزخستنی مێژوی خەباتی سەرکردەکانی دیکە، بەتایبەت (نەوشیروان مستەفا و مام جەلال) بو".

کاوە محەمەد وتیشی "ئەمڕۆ هەرچی شکستی حوکمڕانی (28 ساڵ)ی رابردوە و بە پلەی یەکەم (مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) لێی بەرپرسیارن، کەچی لەرێورەسمە پڕ لەریاکارییەکەی ئەمڕۆدا هەمو ئەو شکست و نەهامەتییانەی ساڵانی رابردو، بە بۆیەی برایەتی و یەکڕیزی درۆینەوە سپی کرانەوە و بە نرخی (سەرکەوتن و دەستکەوت) فرۆشرانەوە". 

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان لە كۆتاییدا نوسیویەتی "ئەمڕۆ بە ئیمتیاز رۆژێکی رەش بو، چونکە بەرهەمی ساڵانی تاریکی بو و بناغەی بۆ ساڵانێکی تاریکتر دانا.." .

پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 28/5/2019 په‌رله‌مانی كوردستان به‌ 68 ده‌نگ له‌ كۆی 81 ئه‌ندامی به‌شداربووی دانیشتنه‌كه‌، دەنگیاندا بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕانیش، وەك هاوپەیمانێكی پارتی بە شاندێكی باڵا بەشداری لە رێورەسمەكەدا كردو فراكسیۆنی گۆڕانیش پێكەوە لەگەڵ پارتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان كاراكردەوە، رۆژی 30/5/2019 په‌رله‌مانی كوردستانیش كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.


PM:10:22:10/06/2019