کلیپێکی بڵاونەکراوەی ئەردەڵان بەکر بڵاوکرایەوە

لە دوای 10 ساڵ بەسەر کۆچکردنی هونەرمەند (ئەردەڵان بەکر) کلیپێکی بڵاونەکراوەی ئەردەڵان بەکر بڵاوکرایەوە.

دوێنێ دووشەممە 10ی حوزەیران کامێرامان و دەرهێنەر هەردی عومەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڤیدیۆ کلیپێکی بڵاونەکراوەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەردەڵان بەکری بڵاوکردەوە.

هەروەها نوسیویەتی 
"کلیپێکی جوانەمەرگ ئەردەڵان بەکر پێش ١٨ ساڵ دروست کراوە ئێستا بڵاوی دەکەینەوە، ئەردەڵان کەسێکی بە جورئەت بوو حەزی لە تازەگەری بوو، هەموو کات دڵسۆزی هاوڕێکانی بوو کوردی خۆش دەویست".

هەردی عومەر ئەوەشی خستۆتە ڕوو، نوسخەی یەکەمی کلیپەکە کاتی خۆی وون بوو ئەمە نوسخەی دووهەمی خامەکەیەتی بە VHS هەڵگیراوە بۆیە کوالیتی وەک پێویست نییە، بەڵام بۆمێژووی هونەری ئەم هونەرمەندە بە پێویستمان زانی بڵاویبکەینەوە.

ئەردەڵان بەكر لەساڵی ١٩٦٧ لە هەولێر لەدایکبووە، لەتەمەنی ١٨ ساڵیدا بووەتە پێشمەرگە، لە ساڵی ١٩٨٦ یەکەم کاسێتی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٩١ چووەتە وڵاتی سوید، لە ساڵی١٩٩٣ یەکەم ئەلبوومی لە وڵاتی سوید بڵاوکردوەتەوە، لەماوەی ژیانی هونەریدا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە، لە ڕۆژی (١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩) لە وڵاتی سوید بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد و ڕۆژی ١٥ ی ١٠ ی ٢٠٠٩ لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر بەخاکسپێردرا.





PM:10:58:11/06/2019