کەنەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) ڕایگەیاند، هێرشی سەر خواكوڕك هەر دژ بە هێزی گەریلا نییە، بەڵكو دەیەوێت هەموو کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات.

دەستەی بەڕێوەبەری كەنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، دەڵێت "ئامانجی سەرەكیی لەم هەوڵە داگیركەرییە نوێییە هەر ئەوە نییە باشوور كۆنتڕۆڵ بكات، بەڵكو دەیەوێت دەستی بە ڕۆژهەڵات و باكووریش بگات و لەیەكەیان داببڕێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو، سوپای توركی داگیركەر بە دروستكردنی مۆڵگەی هەواڵگری و سەربازی دەستی بە داگیركردنی باشووری كوردستان كردووە و ئێستاش دەیەوێت ئەو مۆڵگانەی پێكەوە ببەستێتەوە و جگە لە كۆنتڕۆڵكردنی هەموو باشووری كوردستان بەشەكانی تری كوردستانیش لە یەكتر داببڕێت.

كەنەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو شیمانەیەش هەیە كە دەوڵەتی توركیا لە دەڤەری جزیر لە باكوور بەرەو دێرك لە ڕۆژئاوای كوردستان دەست بە داگیركەریی بكات و بەو شێوەیە ڕۆژئاوای كوردستان بكات بە سێ كوتەوە و ڕۆژئاوا لە یەك داببڕێت. نیەتیی دەوڵەتی توركیا تەواو داگیركەرانە و دوژمنانەیە و بۆ ئەوەیە كە بە تەواوی كوردستان بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە. دیارە ئەمە هەڕەشەیە لە سەر تەواوی كوردستان، نەك هەر بە تەنیا پارچەیەك و بۆ تێكدان و وێرانكردنی تەواوی كوردستانە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتووە" بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی چواردەور و دونیاش جێی مەترسیە. بە داخەوە، تا ئێستا و لە پێش هەر لایەكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و زۆرینەی هێزەكانی باشووری كوردستان بێ دەنگ و بێ كردارن. ئەم بێدەنگییە جەسارەت و غیرەت بە داگیركەران دەدات، دڵی دۆستان دەشكێنێت و دڵی نەتەوەكەمان خەمگین دەكات".

لە کۆتایشدا دەڵێت" كەنەكە تاكە رێگاش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیركەرانی كوردستان بە یەكێتیی نەتەوەی گەلی كوردستان و هێزە كوردستانییەكان لە دژی داگیركەران دەزانێت و داوایكردووە، هەموو لایەنەكان بەرامبەر بە داگیركەریی دەوڵەتی تورك خاوەن هەڵوێست بن".


PM:02:38:12/06/2019