گومانلێکراوێکی ماددەی هۆشبەر بە چوار کیلۆ هیرۆینەوە دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک كە ماوەیەكی زۆرە لەژێر چاودێری هێزەكانی ئاسایشی ئەو شارەدایە ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، تیایدا هاتووە" دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك گومانلێكراوێك بە ماددەی هۆشبەر لە لایەن تیمەكانیانەوە خراوەتە ژێر چاودێریەوە، توانیویانە لە رێكەوتی 28ی ئایار-ی ئەمساڵدا ئەو تۆمەتبارە دەستگیربكەن".

ئەوەشخراوەتەڕوو، تۆمەتبارەكە خەڵكی شاری موسڵە و لەكاتی دەستگیركردنیدا بڕی چوار كیلۆ و 100 گرم ماددەی هیرۆین-ی پێبوە، كە لە شاری موسڵ بردویەتیە شاری هەولێر.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "تۆمەتبارەكە بە ماددەی 14ی ماددە بێهۆشكەرەكان راگیراوە و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستە رێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر".

هاوکات داواش لە هاوڵاتیان دەکات هەر زانیاری و گومانێکیان هەبوو لەسەر کەسانی گوماناوی دەستبەجێ ئاسایشی هەولێری لێ ئاگادار بکەنەوە.

هاوکات ئاسایسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی تاوانباران هەمیشە لە ئامادەباشیداین"، هاوكات داوای لە هاوڵاتیانیش كردوە، لە ئەگەری بونی هەر زانیاریەك یاخود گومانێك بە زوترین كات بنكە و بارەگاكانی ئاسایش ئاگاداربكەنەوە.

ئا/ سەلار مەجید



PM:04:35:12/06/2019