وەزارەتی کارەبا پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ ئەم مانگە ئاشکرا دەکات

وەزارەتی كارەبا ئاشکرایدەکات، لە مانگی حوزەیراندا ڕۆژانە 17 بۆ 18 کاتژمێر کارەبای نیستیمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (سپی) كەوتووە، ڕایگەیاند" لەناوەڕاستی مانگی حوزەیران 17-18 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان و شەش كاتژمێرەكەی دیكەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلیەوە كارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت".

ئەوەش خراوەتەروو، پاش هەڵسەنگاندی بارودۆخی كارەبا و چۆنیەتی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگەكانی غازی بەرهەمهێنانی كارەبا و كارۆ ئاوی لەهەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، كە لە ئێستادا بەتێكڕا 3570 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەم بڕە كارەبایە و بەرەچاوكردنی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و هەڵكشانی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ 5000 مێگاوات، وەزارەتی كارەبا دەتوانێت لە ناوەراستی ئەم مانگە 17- 18 كاتژمێر كارەبا بدات بە هاوڵاتیان.

لەراگەیەندراوەكەشدا وەزارەتی كارەبا داوا لەهاوڵاتیان دەكات هاوكاریان بن لەكەمكردنەوەی زیاد بەكارهێنانی كارەبا، چونكە لە وەرزی هاوین دا بارگرانیەكی زۆر دەكەوێتە سەر وێستگەو گۆڕەرو تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەباو بەهۆیەوە زۆرجار بەپێی پێویست ناتوانرێت كارەبا بگەیەنرێتە هەموو هاوبەشانی كارەبا.


AM:11:22:13/06/2019