لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستانەوە روونکردنەوە دەدرێت

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە هەولێر دەکات پابەند بێت بە رادەستکردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و موچەکەش راستەوخۆ لە بەغداوە بخرێتە سەر حساب بانکی فەرمانبەرانی کوردستان یان بدرێت بە پارێزگاکان. 

بەپێی زانیارییەکان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی شەش راسپاردەوە دەیەوێت حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندبکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە 2019،  هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانهی عێراق رایگەیاند، خەڵکانێک سکاڵایان پێمان گەیاندووە کە ھەرێمی کوردستان مووچەی تەواوی بە فەرمانبەران نەداوە بۆیە لە خاڵێکدا دەڵێن ئەو بودجەیەی دەنێردرێت راستەوخۆ بدرێت بە فەرمانبەران.

بە وتەی پەرلەمانتارانی کورد لە  لیژنەی دارایی عێراق، هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەی لە راپۆرتی لیژنەی دارایشدا هاتووە تەنها گلەییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسیاری ئەوە کراوە کە بۆچی لە ناردنی پێنج مووچە، تەنها سێ مووچە بە فەرمانبەران دراوە.
 
هاوکات بەشێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان رەخنەیان گرتوە لەوەی چۆن وەزارەتی دارایی عێراق پارە بە هەرێمی کوردستان دەدات بەبێ ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکە بێت، بۆ ئەوەش بە نیازن وەزیری دارای بانگھێشتی پەرلەمان بکەن.



AM:12:34:14/06/2019