ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید: مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێم دیارنەماوە

 ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عیراق له‌سه‌ر لیستی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت" دیار نه‌مانی موچه‌ی دوو مانگی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌غداد لای به‌رپرسانی عیراقی بۆته‌" یه‌قین".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمان و پسپۆری بواری دارایی دەڵێت " 
بابەتی دیارنەمانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداد لە گومان دەرچووە چونکە وەزیری دارایی هەرێم بە ئاشکرا باسی لەوەکرد کە ئەوان پێنج موچەیان وەرگرتووە بەڵام تا ئێستا دوو موچە خەرج کراوە بەتەواوی و دەستیان کردووە بەدابەشکردنی موچەی سێیەم واتە دوو موچە تا ئێستا بەلاڕێدا براوە بۆیە یەکێک لەبڕگە گرنگەکانی ئەو ڕاپۆرتە کە ئێمە هەرچوار ئەندامە کوردەکە جەختمان لێی کردۆتەوەکە دەبێت ئەو پارەیەی کە لەبەغداوە تایبەت کراوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت بەموچەی فەرمانبەران ئەگەرنا حکومەتی عێراق ئیجرائاتی خۆی دەگرێتە بەر بەرامبەر بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌ ئه‌و پارانه‌ له‌شتی تردا خه‌رج كراوه‌ بۆیه‌ ئه‌وان نیگه‌رانن له‌م ڕوه‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌ره‌ كورده‌كان توانیمان مادده‌یه‌ك بچه‌سپێنین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران خه‌رج بكرێت."
"
ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ڕاشیگه‌یاند" ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌ پێدانی موچه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌وا به‌غداد ده‌توانێت به‌پێی یاسای بودجه‌ داوا له‌هه‌رێم بكات ڕونكردنه‌وه‌ بدات له‌سه‌ر شێوازی خه‌رجكردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌ "تاوانی مالی" و عیراق ده‌توانێت سكاڵا له‌سه‌ر هه‌رێم و به‌رپرسانی هه‌رێم تۆمار بكات، ڕێگای تریش هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جێگره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراقی دوور نیه‌ خۆی ڕێگا چاره‌ی تر بدۆزێته‌وه‌ تا خۆی موچه‌ بداته‌ پارێزگاكان كه‌ ئه‌وه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ كه‌ ئه‌وانن هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری هه‌رێم."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر پارێزگاكانی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوون موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ربگرن ئه‌وا فه‌رمانبه‌ران بێ موچه‌ ده‌كرێن كه‌ زه‌حمه‌ته‌ بوێرێت شتی وابكات، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌ره‌ كورده‌كان بڕگه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانمان چه‌سپاندووه‌ بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ جارێكی تر بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ڕووبدات، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین میكانیزمێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ پێدان و گه‌یاندنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم."
ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید جه‌ختی كرده‌وه‌" ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌پێدانی موچه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وه‌ موچه‌ی سه‌رجه‌م مانگه‌كان ئه‌وا جارێكی تر وه‌ك لیژنه‌ی دارایی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین و ڕاسپارده‌كانی خۆمان ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عیراقی ده‌كه‌ین."

  ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌ڵێت" ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم نیه‌، چونكه‌ زیاتر ئه‌و مه‌له‌فانه‌" مه‌له‌فی موچه‌" مه‌له‌فی حیزبین و مامه‌ڵه‌ی حیزبییان له‌گه‌ڵ ده‌كات."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌شلێت" به‌رپرسیارێتی و كاری من نیه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌م چونكه‌ من نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم نیم نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانم بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ من بكات."




PM:12:11:14/06/2019