عادل عەبدولمەهدی جەخت دەکاتەوە لەسەر بەردەوامی هەوڵەكانی یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی سپایكەر

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەخت دەكاتەوە لەسەر بەردەوامی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی كۆمەڵكوژیی سپایكەر، ستایشی قوربانیدانی سوپاو پێشمەرگەو حەشدی شەعبیش دەكات لە جەنگی دژی تیرۆر..

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژیی سپایكەرەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی شوێنی كۆمەڵكوژییەكەی بەسەركردوەتەوە. 

سەرۆك وەزیرانی عێراق ستایشی قوربانیدانی سوپاو پێشمەرگەو حەشدو سەرجەم ئەو هێزانەی كردوە كە بونە قوربانیی روبەڕوبونەوەی تیرۆرو بەرگرییكردن لە خاكی عێراق، هاوكات سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری قوربانییانی كۆمەڵكوژیی سپیاكەر و سەرجەم شەهیدانی دەستی تیرۆر كردوەو ستایشی فەتواكەی سیستانیشی كردوە كە داوای چەكهەڵگرتن و روبەڕوبونەوەی تیرۆری كرد لە سەروبەندی هاتنی داعش.

سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەختیشی كردوەتەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی كۆمەڵكوژیی سپایكەر و دەستبەركردنی ماف و داخوازیی كەسوكارەكانیان.    


PM:02:11:15/06/2019