وتەبێژی یەكێتی وەڵامی وتەبێژی پارتی دەداتەوە
"دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هاوتەریبە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت"

پاش ئەوەی لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند "دانانی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە پێكھێنانی حكوومەتەوە نییە"، وتەبێژی یەكێتی وەڵام دەداتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 16ی حوزەیرانی 2019 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پرسی پارێزگاری كەركوك  و پێكهێنانی حكومەت ڕایگەیاند "ھەموو بابەتەكان لێك جیاكراونەتەوە و دانانی پارێزگار پەیوەندی بە پێكھێنانی حكوومەتەوە نییە، ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك و دانانی پارێزگارێك بۆ شارەكە لەدەست سەرۆك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت دەبێت".

لە بەرامبەردا لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "سپی" ڕاگەیاند "دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هاوتەریبە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت".

لەتیف شێخ عومەر وتیشی "پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك لە ئالیەتدا جیاوازن، بەڵام هاوزەمانن و دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت پارێزگارێكیش بۆ كەركوك دابنرێت".

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ وتەبێژی پارتی، وتی "لە چەند رۆژی داھاتوودا مەسرور بارزانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكەی كە بەشداری لە حكوومەت دەكەن كۆدەبێتەوە ئومێد دەكەین لە ماوەی 10 رۆژدا كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكبێنین".

زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچووە و هەفتەی ڕابردووش مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت ڕاسپێردرا، بەڵام تا ئێستاش نازانرێت كەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكدێت.



PM:02:31:16/06/2019