قوباد تاڵەبانی: پارێزگارێک بۆ کەرکوک دیارینەکرێت كێشەكانی هەرێم ئالۆزتر دەبن

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی لەمیانەی پێشوازیكردنی لەباڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لەعێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر كێشەی دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك چارەسەر نەكرێت، كێشەكانی هەرێم ئالۆزتر دەبن.

قوباد تاڵەبانی، لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە،  پێشوازیمكرد لەباڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لەعێراق ماپیۆ تۆلیر و پێكەوە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركوكمان تاوتوێكرد.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردوە، بە باڵیۆزم راگەیاند خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی حكومەتێكن لە ئاست خواست و داواكارییەكانیاندا بێت، كێشەكانی بەغدا و هەرێمیش هەر چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمن. 

وتیشی، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە كێشەی دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك لەسەر بنەمای رێككەوتنی دوو قۆڵی یەكێتیی و پارتی چارەسەر بكرێت، ئەگەرنا ئەوە پێشبینی دەكەم كێشەكانی هەرێم ئالۆزتر بن.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەكشەممە 16ی حوزەیرانی 2019 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پرسی پارێزگاری كەركوك  و پێكهێنانی حكومەت ڕایگەیاند "ھەموو بابەتەكان لێك جیاكراونەتەوە و دانانی پارێزگار پەیوەندی بە پێكھێنانی حكوومەتەوە نییە، ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك و دانانی پارێزگارێك بۆ شارەكە لەدەست سەرۆك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت دەبێت".

لە بەرامبەردا لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "سپی" ڕاگەیاند "دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هاوتەریبە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت".

لەتیف شێخ عومەر وتیشی "پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك لە ئالیەتدا جیاوازن، بەڵام هاوزەمانن و دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت پارێزگارێكیش بۆ كەركوك دابنرێت".



PM:04:08:16/06/2019