کۆمسیۆن؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوکیش ئەنجامدەدرێت

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق  رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوكیش ئەنجام دەدرێت.

رزگار حاجی حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند" وەك كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلەكانی پەرلەمانی عیراق كۆبوونەتەوەو داوایانکردووە ئەگەر تا سەرەتای مانگی داهاتوو پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان هەموار بكاتەوە كۆمسیۆن دەتوانێت لەمانگی نیسانی 2020دا هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەنجامبدات. 

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكەركوك وتیشی، كەركوكیش وەك هەر پارێزگایەكی دیكەی عێراقەو بەهەمان شێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەدەچێت.

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق راشیگەیاند، هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، چونكە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێم پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمەوە هەیەەو پەرلەمانی كوردستان یاسای بۆ دەردەكات.


PM:08:54:17/06/2019