كۆماری ئیسلامی ئێران خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمریكی لە گەروی هورمز راگەیاند.
ئاژانسی ئیرنای ئێرانی بلاویکردەوە، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، کە هێزەكانی سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمریكییان لە گەروی هورمز خستوەتە خوارەوە، كە سەرقاڵی كاری هەواڵگری بوە.
ئەوەشهاتووە، کە فڕۆكەكە لەناوچەی كوە موبارەك لە بەشی باشوری هورمز خراوەتە خوارەوە، پاش ئەوەی هاتوەتە ناو سنوری هێڵی ئاسمانی ئێرانی.
لای خۆشیەوە بیل ئوربان، وتەبێژی ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا هەواڵەكەی رەتكردەوە و رایگەیاند "فڕۆكەی ئەمریكی لە سنوری ناوچەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نەبوە".
کێشەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتونەتە لوتکە و ئەمریكا بڕیاری ناردنی هێزی زیاتری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، هەفتەی رابردوش هێرشكرایە سەر دوو كەشتی نەوت هەڵگری ژاپۆنی لەكەنداوی عومان.