نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە هەر ئەمرۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەفدێکی هونەری گەیشتنە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.

شەوی رابردووش سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا بە سپی راگەیاند" سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەڵپسێردراوەکانی نێوان هەردوولا دەگەنە بەغدا، لە پێش هەمووشیانەوە پرسی نەوت، ئەگەری ئەوەش هەیە د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانیش بەشداری وەفدەکە بکات، بەڵام تا ئێستا بەشداریکردنی ئەو یەکلایی نەبۆتەوە.

سەردانی ئەو وەفدە لە کاتێکدایە کە پەیوەندی بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم تا رادەیەکی بەرچاو ئاسایی بۆتەوەو، پێدەچێت بەرهەم ساڵح دەورێکی پۆزەتیڤ لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدادا ببینێت.
 
بەپێی یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ ، هەرێمی کوردستان رۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆوە کە تاکە کۆمپانیای بازاڕیکردنی نەوتی عێراق، بفرۆشێت، بەرامبەر ئەوەش عێراق تەواوی بودجەی بڕیاردراو بۆ هەرێم، بنێرێت، بەلآم تا ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەوە، بەلآم حكومەتی بەغدا ٤٥٤ ملیار دیناری مانگانە ناردووە.

سپی یەکەم میدیا بوو کە شەوی رابردوو هەواڵی سەردانەکەی نیچیرڤان بارزانیو  وەفدی یاوەری بۆ بەغداد بلاوکردەوە.



PM:12:46:20/06/2019