شەپۆلێكی گەرما ڕوو لەهەرێم دەكات

كەشناسی پێشبینیەكانی بۆ پلەی گەرمای ڕۆژانی داهاتوو بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت لە ئەمڕۆوە شەپۆلێكی گەرما دەستپێدەكات و تا رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

بژار ئەكرەم،  لێپرسراوی بەشی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە دووشەممە تا رۆژی پێنجشەممە 28ی حوزەیرانی 2019 شەپۆلێكی گەرما هەرێم دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەكەن.

ئەوەشی خستەڕوو: سبەینێ سێشەممە 25-6-2019، پلەكانی گەرما پلەیەك تا دوو پلە بەرز دەبنەوە و رۆژی چوار شەممە و پێنجشەممەش پلەكانی گەرما بە نزیكەی دوو پلەی تر بەرزتر دەبنەوە. 

وتیشی: لە ناوچەكانی باشوری هەرێم بەرزترین پلەكانی گەرمای لە سەروی 46 پلەی سیلیزی دەبێت لە ماوەی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، سەنتەری پارێزگای هەولێر بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیكراوی دەگاتە 44 پلە، سلێمانی 42 پلە، دهۆك 42 پلە، كەركوك 46 پلە، هەڵەبجە 43 پلە.

لێپرسراوی بەشی پێشبینییەكانی كەشناسی ئەوەشی خستەروو: ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەكانی گەرما لە رۆژی هەینی رێكەوتی 28- 6 -2019 كۆتایی دێت و بارستە هەوایەكی تاڕادەیەك فێنك لە دەریای ناوەڕاستەوە روو لە ناوچەكەمان دەكات و پلەكانی گەرما نزم دەبێتەوە، بەشێوەیەك زۆربەی ناوچەكانی هەرێم پلەكانی گەرمای لە ژێر 40 پلەی سیلیزی دەبێت.



PM:02:49:24/06/2019