"بەھای كارتی مۆبایل دەگەڕێتەوە نرخی پێشووی"

پاش باشبوونی رەوشی ئابوری و بەرەو كۆتایھاتنی قەیرانەکان  نرخی كارتی مۆبایل گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێمیش ڕوونکردنەوە دەدات.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم بە "كوردسات نیوز"ی راگەیاندووە، بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە حكومەتی عێراق لە یاسای بودجە لە ٢٠%ی پارەی كارتی مۆبایلی زیاد كرد و نرخی كارت لە بازاڕەكان بەرزبوویەوە، ھەربۆیە لەگەڵ باشبونی رەوشی ئابووری و كۆتایهێنان بە قەیرانەكان، وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم داوای لەحكومەتی عێراق كردووە ئەو باجە لەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن ھەڵبگیرێت.

وتیشی، حكومەتی عێراق هاوڕایە لەگەڵ داواكارییەكەی وەزارەتی گواستنەوە و بڕیارە لە كۆتایی ئەم ساڵ حكومەتی عێراق گۆڕانكاری لە یاسای بودجە بكات، ئەگەریش زۆرە بەھای كارتی مۆبایل بگەڕێتەوە نرخی پێشووی و كارتی ٥ ھەزاری بە ٥ھەزار دیناربێت.


PM:05:02:24/06/2019