" بەهۆی کێشەوە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکان دواخرا"

بڕیاربوو سبەی پێنج شەممە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبێتەوەو دوا بڕیار لەسەر ناوی کاندیدەکانی گۆڕان بۆ پۆستەکانی کابینەی نوێ یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەیانتوانی کۆبوونەوەکە سازبکەن.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە، سپی راگەیاند" کۆبوونەوەی سبەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەهۆی چەند کێشەیەکەوە دواخراوە، یەکێک لەو کێشانە ئەو کارە سپێردراوە بە جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن، لە کاتێکدا جڤاتی گشتی کە دەستەیەکی راوێژکاریە دەیەوێت رای لە پەسەندکردنی کاندیدەکاندا هەبێت".

هۆیەکی دی دواکەوتنی کۆبوونەوەکە، وەک سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ دەکات ژمارەیەک لەو کاندیدانەی لەلایەن رێکخەری گشتی و کوڕانی رێکخەری کۆچکردووە پەسەندکراون و، وەک کاندیدی ئەوان تەماشادەکران، لە لایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە کە لە ١١ ئەندام پێکهاتوون رەتکراونەتەوە.

دوای بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەی سبەی پێنج شەممە، تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ کۆبوونەوەیەکی تر.
گۆڕان جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێم، پۆستی چوار وەزارەتیشی بەردەکەوێت و ٤٢ پاڵێوراو لەسەر ئەو پۆستانە کێبەرکێ دەکەن، ئەو لیژنەیەش کە ئەو پاڵێوارانەی پاڵفتەکردووە پێکدێت لە ١١ کادیری ئەو بزووتنەوەیە.   



PM:11:06:26/06/2019