د.بورهان یاسین: رێككەوتنی پارتی و گۆڕان لە ژێر هەڕەشەی جددیدایە!

د.بورهان یاسین، ڕۆشنبیر و توێژەر لە وتارێكدا كە لەبارەی ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان نوسیویەتی دەڵێت "دەكرێ بڵێین رەهەندێكی هەرە گرنگی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ رێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان و پارتییە. ئەم رێككەوتنە رووداوێكی فرەرەهەندە، دواڕۆژی ئەم رێككەوتنە هەر لە سەرەتاوە لە ژێر هەڕەشەی جددی شكستهێناندا بووە".

لەو وتارەدا كە لەژێر ناونیشانی "رێككەوتنی پارتی و گۆڕان لە ژێر هەڕەشەی جددیدایە!" دەڵێت "هەر لە رۆشنایی ئەو هەڕەشانەی كە لەسەر رێككەوتنەكە هەن، كاریگەریی ئەم رێككەوتنە لەسەر چارەنووسی بزاڤی گۆڕان (واتە یەكڕیزی ناو بزووتنەوەكە)، بە تایبەتی لە داهاتوودا، رەهەندێكی زۆر گرنگی رێككەوتنەیە".


پوختەیەكی وتارەكەی د. بورهان یاسین:

رێککەوتنی پارتی و گۆڕان لە ژێر هەڕەشەی جددیدایە! یەکڕیزی ناوخۆی بزاڤی گۆڕانیش لەبەردەم ئاڵنگاریێکی گەورەدایە 

هەروەک لە ناونیشانەکەدا دەردەکەوێت، لە وتارەکەدا دوو بابەتی گەرمی رۆژ گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە. 
بۆ ناساندنی وتارەکە لێرەدا چەند پوختەیەک، کە بە تایبەتی لە پێشەکی و ناواخنی وتارەکەدا هاتوون، دەخەینە روو. 
١) "دەکرێ بڵێین رەهەندێکی هەرە گرنگی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ رێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و پارتییە. ئەم رێککەوتنە رووداوێکی فرەڕەهەندە. ئەم وتارە دەخوازێ ئەوە جەخت بکاتەوە کە دواڕۆژی ئەم رێککەوتنە هەر لە سەرەتاوە لە ژێر هەڕەشەی جددی شکستهێناندا بووە. گریمانەیەکی ئەم وتارەش ئەوەیە کە هەڕەشەکانی سەر ئەم رێککەوتنە لە داهاتتویێکی نزیکدا، یا لە باشترین حاڵەت مامناوەنددا، چڕ دەبنەوە و باشتر دەردەکەون. هەر لە رۆشنایی ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر رێککەوتنەکە هەن، کاریگەریی ئەم رێککەوتنە لەسەر چارەنووسی بزاڤی گۆڕان (واتە یەکڕیزی ناو بزووتنەوەکە)، بە تایبەتی لە داهاتوودا، رەهەندێکی زۆر گرنگی رێککەوتنەکەیە."
٢) " ئەم وتارەی بەردەست هەوڵ دەدات تیشکێکی زیاتر بخاتە سەر رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، لە چوارچێوەی دیدێکی جاوازتر وە هەروەها هەڕەشەکانی سەر ئەم رێککەوتنە و ئەگەر و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بزاڤی گۆڕان (روو لە ناوخۆی بزووتنەوەکە) بە پەیوەدنی لەگەڵ: ١) ئیدارەدانی مەسەلەی دەسەڵات؛ ٢) سیاسەتی کورد لە بەغدا؛ ٣) پەیوەندییەکانی ئەم هێزە لەگەڵ پارتی؛ ٤) کاریگەرییەکانی رێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان لەسەر پەیوەدندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان."
٣) ناکرێ دیاردەی گەندەڵی تەنها ئاستی ناوخۆی هەرێمدا تێگەیشتنی بۆ بکرێ و بەم پێیەش چارەسەریی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵکو دیاردەی گەندەڵی لە چوار ئاستدا بۆ قەزیەی کورد پشتشکێن و چارەنووسساز بووە: ١) لە ئاستی ناوخۆیی هەرێم؛ ٢) لە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؛ ٣) لە ئاستی پەیوەندییە ئیقلیمییەکان؛ ٤) لە ئاستی نێو دەوڵەتی قەزیەکەدا؛
٤) "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشەی زۆر گەورە بۆتەوە، کە بە یەک یا دوو حزب چارەسەر ناکرێن: بارودۆخەکە پێویستی بە هەندێک هەنگاو و بڕیاری بوێرە لەوانەش پێداویستی هەنگاوی بوێر و یەکلاکەرەوە لە لایەن یەکێتی و گۆڕانەوە بە ئاراستەی سروشتیکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان. بنەمایەکیش بۆ ئەم پێشوەچوونە ئەوەیە کە گۆڕان بە تەواوەتی و بێ هیچ دوو دڵیێک بگاتە ئەو باوەڕەی کە ململانێکەی (واتە ململانێی گۆڕان) لەگەڵ یەکێتی زیاتر لە ئاستێکی تاکتیکیدایە و زیاتر لەسەر دەنگدەر و هەژمونە بەسەر زۆنی سەوز-نیلیدا، کەچی لە لایەکی دیکەوە ململانێکەی لەگەڵ پارتیدا لە ئاستی ستراتیژی (واتە سیستمی)دایە. . . ململانێی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا بە پلەی یەکەم لە ئاستی تەواوی دەسەڵاتی سیاسییە لە هەرێم (کێشەی حوکمڕانی و فەرمانڕەوایی) وە بە پلەی دووەم کێشەی مامەڵەکردنە لەگەڵ مەسەلەی دەسەڵاتی لۆکاڵی. بەڵام ململانێی گۆڕان لە گەڵ یەکێتیدا کەمتر لە ئاستی ستراتیژی (واتە حوکمڕانی و فەرمانڕەوایی)دایە وە زیاتر دەربارەی شێوازی مامەڵەیە لەتەک دەسەڵاتی لۆکاڵی (واتە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان). ئەم ئاستەش دواجار پێویستی بە دانوستاندن و هەواوکەشی ئاسایی لە پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی هەیە: دواجار بە تایبەتی سلێمانی، لە رووی جەماوەرەوە کە زیاتر دەنگدەری گۆڕان و یەکێتییە، وەک دڵێکە بۆ دوو جەستە (واتە یەکێتی و گۆڕان)، وە ئەم دوو هێزە راستەوخۆ بەرپرسن لە سەلامەتی ئەم دڵە: ئەگەر ئەم دڵە هەر ئەزیەت و ئێشێکی بەر بکەوێ ئەوا هەردووک (جەماوەری گۆڕان و جەماوەری یەکێتی، دواجار هەردو هێزە سیاسییەکەش) ئەزیەت و زیانیان بەردەکەوێ!"

       ناوەڕۆکی وتار
-پێشەکی 
-چرکەساتێکی هەستیار
-بەغدا و هەولێر: دژبوون و دابڕان یا یەکانگیربوون 
-دایەلەکتیکی کێشەی کورد لە عێراق: دوو کێشە، نەک یەک دانە! 
-دەرەنجام

بۆ خوێندنەوەی تەواوی وتارەكە كلیك لەم لینكە بكە و ماڵپەڕی د. بورهان یاسین بكەرەوە





AM:11:10:27/06/2019