وەستا ڕەسوڵ: كێشەمان لەگەڵ پارتی تەنیا دانانی پارێزگاری كەركوك نیە

لەوتوێژێك لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، وەستا ڕەسوڵ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دەكات كە ئێستا بۆتە گرفت لەنێوان پارتی و یەكێتی و دەشڵێت "كێشەمان لەگەڵ پارتی تەنیا دانانی پارێزگاری كەركوك نیە".

لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا وەستا ڕەسوڵ دەڵێت "سەبارەت بە پارێزگاری كەركوك دوێنێ پارتی و یەكێتی كۆبونەوەیان هەبووە بەپێی زانیارییەكانی ئێمە گەیشتونەتە ڕێككەوتنی سەرەتایی لەوبارەیەوە، لەكۆبونەوەكەدا دوو ناو لەلای ئێمەوە لەبەر دەست بووە دوو ناویش لەلای پارتیەوە لەبەر دەست بووە، بەڵام هێشتا ئەنجامەكەیم نەزانیووە."

وتیشی"پێم وایە دانانی پارێزگارێكی كوردی یەكێتی بۆ كەركوك دوو ئامانج دەپێكێت، ئامانجێك ئێستا "تەعریب" لەكەركوك دەستی پێكردووە كە ئەوە لەدەسەڵاتی پارێزگاردایە."

سەبارەت بەوەی ئایا پارێزگارێكی كورد لەم كاتەدا دەتوانێت تەعریب ڕابگرێت یا دەسەڵاتی هەبێت بەسەر سوپا و هێزە ئەمنیەكانی عیراق لەكەركوك وەستا ڕەسوڵ دەڵێت "بەڵێ ئەوە یاسایە، با سەد هەزار ئەندامی هێزە ئەمنیەكان و سوپای عیراق لەوێ(كەركوك) بن كە یاسایەك لە عیراق دەسەڵاتی داوە بە پارێزگارەكان بەڵام لە كەركوك حاڵەتێكی تایبەت هەیە، یەكەم پارێزگار نیە، هەرخۆی جێگری پارێزگارە ئێستا وە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بڕیارێك دەرچوو لەلایەن (عەبادی) كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان "مەسئولی بەڕ و بەحر" بێت لەو شارە، ئەم دوو حاڵەتەش تەنها لەشاری موسڵ و كەركوك هەیە ئیتر دەبێت قابیلی هەڵوەشاندنەوە بێت."

وەستا ڕەسوڵ وتیشی "ئێستا حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەوڵدەدات یاسا جێ بەجێ بكات چونكە ئەوە دەچێتە چوارچێوەی پێشێلكاری و گەندەڵی و "ئەو كۆمەڵە شتەی باس دەكرێت، بۆیە خۆ كوردیش ناتوانێت تا سەر ئەوە قبوڵ بكات ئەو دوانزە هەزار لە هێزە ئەمنیەكانی هەیە، كورد دەتوانێت "دوو بیستی" كۆبكاتەوە، بەڵام ئەو كاتە كێشەكان قوڵتر دەبێتەوە بۆیە باشترە هەردولا ئەو كێشانە بە لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن".

بەبڕوای وەستا ڕەسوڵ ئەگەر لەم كاتەدا پارێزگارێكی كوردی-یەكێتی دابنرێت بۆ كەركوك "دەتوانێت چارەسەری زۆری كێشەكاكانی تەعریب كردنی كەركوك و ئیداری كە ئێستا "بۆگەن" بووە، وە بەتایبەت كێشەی ئەمنی شارەكە، پلانی ئێمە ڕونە بۆ كەركوك وە ئەوە ئامانجەكانمانە."

 وەستا ڕەسوڵ ئەوەشی وت" زۆر شتی تر لەگەڵ پارتی-دا ناكۆكین، مەسەلەكە بەتەنها دانانی پارێزگاری كەركوك نیە،ڕەنگە ئەو "نفوسە زەبەلاحەی" یەكێتی لەكەركوك هەیەتی، وە مانەوەی یەكێتی لەكەركوك لەناو خەڵكە "ڕەش و ڕووتەكەی وە هاوسەنگی هێز لەشارەكە، هەندێك خەڵك پێی خۆش نیە، بۆیە كەركوك شتێكی كەم نیە هەردولامان (پارتی و یەكێتی) بەو چاوەوە سەیری دەكەین."

ڕاشیگەیاند" نابێت كەركوك ببێتە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی، چونكە ئەوكات میللەت لێت قبوڵ ناكات خۆ سیاسەتی كورد هەموی بریتی نیە لە سیاسەتی ئەم دوو حیزبە بۆیە بەڵكو هەر كوردێك لەهەر شوێنێك دڵی لای كەركوكە، بۆیە پێم وانیە بهێڵن تاسەر "سەرانی ئەو دوو حیزبە" بیخۆن".

وەستا ڕەسوڵ لەوەڵامدا وتی" نەتۆڵەی شانزەی ئۆكتۆبەرە نە لە شانزەی ئۆكتۆبەر خراپمان كردووە تا خەڵك تۆڵەمان لێبكاتەوە، ئێمە لەو ڕۆژەدا ئەوەی پێمان كراوە كردومانە باقیەكەی تری پێمان نەكراوە لەوە زیاتر ململانێی هێز دەرەقەتی نەهاتوین هاوسەنگی هێز نابەرامبەر بووە، وە پارتیش نەیوتووە ئەمە تۆڵەی شانزەی ئۆكتۆبەرە لەیەكێتی وە ئێمەش بە تۆڵەی نازانین، بەڵكو پێمان وایە مەسەلە "تموحاتی هاوسەنگی هێز"ە لەكەركوك كە برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو "مونافەسەیە" لەگەڵ یەكێتیدا دەكەن."

وەستا ڕەسوڵ دەڵێت" ئێمە ئەگەر قسە لەسەر ئەم بابەتە بكەین زۆر هەڵدەگرێت ئەوانیش لەگەڵ ئێمەدا قارەمانی شانزەی ئۆكتۆبەر بوون ئەوان لە پێش ئێمەدا ڕایانكردووە باقسە لەسەر ئەو بابەتە نەكەین و برینەكان هەڵنەدەینەوە كەواتە ئێمەش قارەمانەكانی 31ی ئاب-مان قبوڵ نیە بەڵام مەسەلەكە وەك وتم مەسەلە هاوسەنگی هێزە كە كەركوك هاوسەنگی هێزی یەكێتی بەرز ڕادەگرێتەوە."

وەستا ڕەسوڵ جەختی كردەوە كە بەشداری كردنی یەكێتی لەحكومەن بەندە بە پارێزگاری كەركوك و وتیشی"وەك كەركوكیەكان پەیاممان داوەتە مەكتەبی سیاسی خۆمان (یەكێتی) پێمان وتون باشترە ئەگەر كێشەی كەركوك یەكلایی نەكرێتەوە بەشداری پڕۆسەی سیاسی لەهەرێمدا نەكەین، مەكتەبی سیاسی گوێی لێگرتووین و چەند جار لەوبارەیەوە لەگەڵمان دانیشتووە".



AM:11:49:27/06/2019