گۆڕان دەیەوێت بەسەر کێشە ناوخۆیەکانی لەسەر دانانی کاندیدەکان سەربکەوێت

بزووتنەوە گۆڕان دەیەوێت بەسەر کێشە ناوخۆیەکانی لەسەر دانانی کاندندیەکان سەربکەوێت‌و بۆ ئەو مەبەسەتەش جڤاتی گشتی کۆدەبێتەوە بۆ گەڵاڵەکردنی راسپاردەکانی لەبارەی کاندیدی پۆستە وزارییەکان و جڤاتی نیشتیمانییش میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکانی بۆ کابینەی نوێ یەکلایی دەکاتەوە.

کەناڵی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویکردەوە بڕیارە رۆژی یەکشەممە 30-6-2019 جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە وزارییەکان لە کابینەی نوێی حکومەتدا.

هه‌روه‌ها رۆژی دووشەممەش جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێ کردنی راسپاردەکانی جڤاتی گشتی و بڕیاری کۆتایی دەدات سەبارەت بە میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیدەکانی بزوتنەوەکە بۆ پۆستە وزارییەکان و بەرکەوتەکانی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا.

گۆڕان پێنج شەممەی رابردوو هەوڵیدا پرسی یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانی لە نێو جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن یەکلایی  بکاتەوە، بەڵام لەبەر ناڕەزایی زۆر نەیشیتوانی کۆبوونەوەکەشی سازبکات.

بزوتنەوەی گۆران بە پۆستەكانی هەریەك لە وەزارەتەكانی دارایی، ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی و پیشەسازی، كۆمەڵایەتی، جێگری سەرۆكی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، سەرۆكی سندوقی داهاتەكانی نەوت، لەگەڵ چەندین پۆستی بریكاری وەزیر و راوێژكار و بەرێوەبەری گشتیی، بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەكات.



PM:04:59:28/06/2019