ترەمپ سزاکانی لەسەر هواوی هەڵگرت

ئەمریکا سزاکانی لەسەر کۆمپانیای هواوی هەڵگرت و ڕێگەدەدات کۆمپانیا ئەمریکیەکان ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانیان لەگەڵ چین دەستپێبکەنەوە.

میدیا جیهانیەکان لەبارەی لابردنی ئەو سزایانە لەسەر کۆمپانیای هواوی چینی دەڵێن، ترەمپ و شینگپینگ لە لوتکەی جی ٢٠ لە ژاپۆن، ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی دوبارە ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانیان دەستپێبکاتەوە، چونکە ئابوری ئەو دوو وڵاتە بەرەو کزی چووبوو لە ئەنجامی ئەو سزایەی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیای هواوی چینیدا سەپاندبوی.

لەبارەی هاوردەکردنی کاڵای چینی بۆ ناوخۆی ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد،کە سزای زیاتر بەسەر چیندا ناسەپێنێت و ڕێگە بە هاوردەکردنی کاڵای چینی دەدات بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی .

ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد کە بەردەوام لە گفتوگۆ ودانوستان دەبێت لەگەڵ وڵاتی چین.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەمریکا هواوی تۆمەتبارکرد بەوەی کە لەلایەن وڵاتی چینەوە بەکا دەهێندرێت بۆ مەبەستی سیخوریکردن بەسەر ئەمریکاوە، بۆیە بڕیاریدا کە پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە رابگیریت.

کۆمپانیای هواوی گەورەترین کۆمپانیای چینیە لە بواری تەکنەلۆژیای مۆبایل، لە ١٧٠ وڵات لە سەرتاسەری جیهان بەرهەمەکانی دەفرۆشێت، ساڵانە داهاتی زیاترا لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار.


PM:04:49:29/06/2019