هۆشداری لەبارەی بڵاوبونەوەی جۆرە ڤایرۆسێکەوە دەدرێت

بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، چەندین جۆر ڤایرۆس و نەخۆشی لەئێستادا بڵاوبونەتەوە، بەربڵاوترین جۆریان ڤایرۆسی جگەرە بەتایبەت لەناو کەمپەکانی شارۆچکەی عەربەت، جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانیش ڕوونکردنەوە دەدات.

د. ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی بە 'سپی' ڕاگەیاند "ئەم جۆرە ڤایرۆسە کە ناسراوە بە ڤایرۆسی جگەر تەنها لەناو کەمپەکانی شارۆچکەی عەربەت بڵاونەبوەتەوە،بەڵکو لەزۆرشوێن بڵاوبوەتەوە،بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمجۆرە ڤایرۆسە زیاتر پەیوەندی بە گۆڕینی ئاوهەواوە هەیە بۆیە دانیشتوانی ناو کەمپەکان بەشێوەیەکی زیاتر توشی ئەم جۆرە ڤایرۆسەبوون".

لەبارەی هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسە د. ھێرش سەلیم ئاماژەی بەوەکرد "هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی ئەم جۆرەی ڤایرۆسی جگەر  دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی ئاوهەوا و هەروەها پیسبونی ئاو و خۆراک و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما ".

جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی لەبارەی جۆری ڤایرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاماژەی بەوەکرد"جۆری ئەم ڤایرۆسی جگەرە لە جۆری 'A'ە،کە زەرەرێکی وا بە تەندروستی ناگەیەنيت و مەترسیدار نییە،پێویستە کەسی توشبوو خۆپارێزی بکات و پشوو بدات،ڕەنگە هەندێک کات پێویستی بە بەکارهینانی دەرمانیش نەکات".

ئەمە لەکاتێدایە ماوەی چەند رۆژێکە هەواڵی بڵاوبونەوەی جۆرە ڤایرۆسێکی مەترسیدار دەدرێت و بوەتە هۆکاری ترس لای هاوڵاتیانی سلێمانی و دەوروبەری.بەوهۆیەوە جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بۆ 'سپی'ڕونکردەوە" کە بە هیچ جۆرێک ئەو ڤایرۆسە کە ناسراوە بە ڤایرۆسی جگەر لە جۆری 'A' مەترسیدار نیەو و تەنها وەک جۆرەک لە پەتا سەیردەکرێت".


PM:03:53:30/06/2019