ناوەرۆكی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی

ئەمڕۆ دوشەممە هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەت و دۆخی كەركوك كۆبونەوە و بڕیار لەسەر دانانی پارێزگارێكی هاوبەش درا.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پاش كۆبوونەوەكە دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند"لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا باسی پرسی پارێزگاری كەركووك و هەماهەنگییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و چەند بابەتێكی دیكە كران".

ڕونیشیكردەوە"ئەوەی ئەمڕۆ كرا هەنگاونانی جدیی بوون و بیروبۆچوونەكانمان زۆر لەیەكەوە نزیكن سەبارەت بە دانانی كەسێك بە پارێزگای كەركووك و لێكتێگەیشتنی روون هەن".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوەكردەوە "دەبێت پارێزگاری كەركووك كاندیدێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی و لیستی برایەتی و سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك بێت".

هاوكات وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەتیف شێخ عومەر ڕایگەیاند "هەموومان دەبێت پەلەبكەین لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دڵسۆزی خۆمان وەك شەریكێكی هاوبەش دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی داهاتوودا و تەئكیدمان كردەوە كە دەبێت لە ماوەیەكی كورتدا كابینەی تازە پێكبهێندرێت".

ئەم كۆبونەوەی هەردوولا لەكاتێكدایە تەنها ١١ ڕۆژ ماوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەدەبێت لە ڕۆژی ١٢/٧ لەلایەن سەرۆكی ڕاسپیردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت 'مەسرور بارزانی' كابینەی نۆیەم پێكبهێندرێت، هەروەها پێش ئەو وادەیە ناوی كاندیدانی حیزبەكان بۆ پۆستە وەزاریەكان پێشكەشكرابێت.



PM:02:09:01/07/2019